ڕووسیا داوا لە کورد دەکات لەگەڵ دیمەشق ڕێک بکەون
ڕووسیا داوا لە کورد دەکات لەگەڵ دیمەشق ڕێک بکەون، ئەمە لەکاتێکدایە ڕژێمی سووریا تەنانەت ئامادەی گفتوگۆش نییە. جگە لە کاربەدەستانی ڕووسیا، پسپۆڕانیش لە مۆسکۆ، داوا لە کورد دەکەن لە ئەمەریکا دوور بکەونەوە، بێ ئەوەی بۆ دەستەبەر بوونی مافەکانیان هیچ گەرەنتییەک لە سووریادا هەبێت.
جارێکی دیکە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەمەریکا هەوڵ دەدات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا نیمچە دەوڵەتێک بۆ کورد دروست بکات، لاڤرۆڤ ئەوەشی گوتووە، نابێت کورد لە سووریادا هێندە باوەڕ بەو قسانە بکەن و پێیان وابێت ئەمەریکا ڕزگاریان دەکات.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا پێشنیاز دەکات کورد لەگەڵ دیمەشقدا لەسەر ئەو مافانە ڕێکبکەون کە شایانیانە. ئەم قسانەی لاڤرۆڤ لەکاتێکدایە، هێشتا سووریا ئامادەی هیچ جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێک لەگەڵ کوردا نییە.
گریگۆری لوکیانەڤ، توێژەر لە پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتناسی بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕووسیا زیاد لە جارێک ڕایگەیاندووە کە دەخوازێت پردی پەیوەندی و هاوئاهەنگی بێت لەنێوان دیمەشق و کوردانی سووریادا، بەجۆرێک کە بە ئاشتیانە بتوانن لە چوارچێوەی یەک وڵاتدا پێکەوە بژین و دەستەبەری گەشە و پێشکەوتنی کورد و عەرەب و هەموو پێکهاتەکان بکرێت، بەڵام هەڵوێستی ئێستای هێزە کوردییەکان بە پشتیوانیی ئەمەریکا و بە زیانی یەکپارچەیی خاکی سووریا بەربەست لە بەردەم گفتوگۆکان دروست دەکات. ڕووسیا ڕای وایە بەرژەوەندییەکانی کورد لەلایەن ئەمەریکاوە دابین ناکرێن، چونکە ئەوان بەرگریی لە ماف و بەرژەوەندیی کورد ناکەن، بەڵکو بەرژەوەندی خۆیان بۆ گرنگە و هەوڵ دەدەن بەهۆی کوردەوە دۆخی سووریا تێک بدەن، چارەنوسی کورد هەنووکە وەک چەک وایە بەدەست ئەمەریکاوە بۆ دروستکردنی پاشاگەردانی و بێسەروبەریی لە ناوچەکەدا.
جگە لە ئەمەریکا، چەند وڵاتێکی دیکە هێزیان لە ناو خاکی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە، بەڵام سەرنجی مۆسکۆ زیاتر لەسەر هێزەکانی ئەمەریکایە، دەوڵەمەندی خاک و ستراتیجیی ناوچەکە وایکردووە، بەشێک لە زلهێزە جیهانی و هەرێمییەکان ململانێکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستاندا درێژە پێ بدەن.
ئەلیکساندەر زەسیپکین، دیپلۆماتکاری ڕووسی دەڵێت: ئەمەریکا بەشێک لە خاکی سووریای داگیرکردووە، دەبێت چۆڵی بکات و ئەمە یەکێکە لە مەرجەکانی ئاساییبوونەوەی ڕەوشی سووریا. وڵاتانی ئەندام لە دیداری ئەستانا ( ڕووسیا و تورکیا و سووریا و ئێران) ڕایانگەیاندووە، کە ئەمەریکا دەبێت لە خاکی سووریا بچێتە دەرەوە، بۆ ئەوەی ڕەوشی ئەو وڵاتە ئاسایی ببێتەوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە کوردنشینن، دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆوە لەنێوان دیمەشق و هاووڵاتیانی ناوچە جیاجیاکاندا چارە بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە، بەجۆرێک کە مافی تەواوی چین و توێژ و نەتەوە جیاجیاکان فەراهەم بکرێت، کاتێک گفتوگۆ بۆ چارەی سووریا هاتە ئاراوە، هەندێک پرەنسیپ هەن کە جێگیرکراون، یەکێک لەوانە مافی یەکسانییە بۆ تەواوی نەتەوە و ئاینەکان.
لە شوباتی 2017 دا، ڕووسیا پێشنیازی تۆنۆمی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەکرد، بەڵام ئێستا ئەم پرۆژەیە تەنانەت باسیشی نەماوە. لە بارەی بە دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریادا، کاربەدەست و پسپۆڕانی ڕووس هاوڕان لەسەر دوورکەوتنەی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەمەریکا، بەبێ ئەوەی وەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەستەڵاتی بەشار ئەسەددا، گەرەنتی بکەن.