کەمی ڕێڕەوەکانی هەناردەی نەوت گرفت بۆ عێراق دروست دەکات
K24 – هەولێر:
کەمی رێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوت بووەتە هۆی ئەوەی عێراق رووبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە، بە تایبەت لە کاتێکدا نەوت سەرچاوەی سەرەکی پێکهێنەری داهاتی عێراقە. پرۆژەی بۆری نەوتی بەسرە-عەقەبە کە ئامانج لێی زیادکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردەی نەوتە، مشتومڕێکی بەرفراوان لە بازنە سیاسیی عێراق دروست کردووە، بەتایبەت لەنێو ئەو هێزە شیعییەکان کە بە هۆکاری سیاسی و ئەمنی دژایەتی پڕۆژەکە دەکەن.
هێڵی بۆری نەوتی بەسرە - عەقەبە، پرۆژەیەکە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق بۆ بەندەری عەقەبە لە باشووری ئوردن، بە درێژایی 1700 کیلۆمەتر و توانای هەناردەی ڕۆژانە دەگاتە سێ ملیۆن بەرمیل .
بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو تێچووی جێبەجێکردنی پرۆژەکە خەمڵاندنی جیاوازی بۆ کراوە، سەرەتا تێچووەکەی بە 18 ملیار دۆلار خەمڵێندرا ، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەدا لە ساڵی 2022 ڕایگەیاند، تێچووی خەمڵێنراوی هێڵەکە هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە. هەروەها لە بودجەی گشتیی بۆ ساڵی 2024 بڕی 6.4 ترلیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە تەرخان کرا.
دامەزراندنی بۆرییەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراقە بۆ دەستەبەرکردنی رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو بە تایبەت لەنێو نیگەرانییە بەردەوامەکان و هەڕەشەکان لە گەرووی هورمز کە تاکە ڕێڕەوەی گواستنەوەی نەوتی عێراقە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
بەشێک لە نوێنەرانی شیعە لە پەرلەمانی عێراق دژایەتی ئەم پرۆژەیە دەکەن، لەسەر ئەو بنەمایەی بەندەری عەقەبەی ئوردن زۆر نزیکە لە کەنارەکانی ئیسرائیل لەسەر دەریای سوور و دوور نیە بەهۆیەوە ئیسرائیل دەستی بە نەوتی عێراق بگات.
بەشێکی دیکە بۆچوونیان وایە، تێچووی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری عەقەبە زیاترە بەراورد بە هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوور، ئەمەش دەبێتە هۆی بارگرانی لەسەر ئابووری عێراق.
هەرچەندە، گرووپە شیعییەکان، هەوڵیاندا لە ڕێگەی کەناڵە یاساییەکانەوە ڕێگری لە پرۆژەکە بکەن، بەڵام دادگای فیدراڵی عێراق داواکەی ڕەتکردەوە، ئەمەش بووەتە پشتگیرییەکی دیکە بۆ جێبەجێکردنەی پرۆژەکە. بە گوتەی شارەزایان سەرکەوتنی پرۆژەکە دەتوانێت پارێزگاری لە تاکە سەرچاوەی داهاتی عێراق بکات، بەڵام ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بەردەوام دەبن کە نەک تەنیا لە سەر ئاستی ناوخۆیی بەڵکو لەسەر ئاستی دەرەکیشدا دووچاری ئەم ئاڵنگاریانە دەبێتەوە.