قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران  زیاتر لە حەوت ملیار دۆلارە

 قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران  بە زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، هەروەها قەبارەی بازرگانیی عێراق و ئێران ساڵانە دەگاتە 12 ملیار دۆلار.

مام جەزا، زیاتر لە 30 ساڵە لەم  بازاڕەی سلێمانی بەرهەمی وشكە دەفرۆشێت، بەشێك لە کاڵاکانی دووكانەكەی بەرهەمی ناوخۆییە، سەرجەم بەرهەمەكانی دیكەی توركی یان ئێرانین .

جەزا محەممەدی دوكاندار، بە کوردستان24ـی گوت: ئەو کاڵایانەی لە بازاڕدا هەیە هەمووی ئێرانییە، وەک قەیسی، دۆشاو، کشمیش، توو و گوێز، دەشڵیت: هەندێک لەبەرهەمی تورکیش لەبازاڕدا هەیە، بەڵام خواست زیاتر لەسەر بەرهەمی ئێرانییە.

ئەو كاڵایانەی لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن هەمەچەشنن، بەڵام زۆربەیان بەرهەمی خۆراكی و شیرەمەنییەكان و كەرەستەی بیناسازی و پێداویستی نێوماڵن.

سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەنارەكارانی هەرێمی كوردستان دەیسەلمێنێت كە لە 80% كاڵای بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە كاڵای ئێرانین، بەگوێرەی داتاکانیش نزیكەی 80% هەناردەی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی كوردستانە .

 مستەفا عەبدولڕەحمان،  سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكاران ڕایگەیاند، هەندێک جار شاندەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێران دەکەن و بە پێچەوانەوەش، ئەمەش کاریگەریی باشی هەیە و دەتوانرێت دڵنیایی زیاتر بدرێتە هاوردەکاران و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان کە پەیوەندییەکانیان زیاتر بەهێز و بەرتفراوان بکەن.

 بۆ بەرزكردنەوەی قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانە چەندین پێشانگای نێودەوڵەتی  بۆ بازرگان لە هەرێمی كورستان دەكرێن، پێشانگاكانیش بە ئامانجی هەماهەنگی زیاتر و پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی بازرگانان و پیشەوەرانی هەردوولایە.

هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئیران، نزیكەی  650 كیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە، حەوت دەروازەی سنووری لە نێوانیان هەیە "دەروازەی حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان، دەروازەی فەرمین، هەروەها دەروازەکانی شوشمێ‌ و سەیرانبەن و پشتە و كێلێ‌ش هەن کە هێشتا نەکراون بە دەروازەی فەرمی.