بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ: دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ستراتیجییە

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ هەرێمی کوردستان دەڵێت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دیدگایەکی زۆر ستراتیجی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بۆ دوور مەودا و ستراتیژیی هەیە، دەشڵێت: بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر نموونەی ئەو ستراتیژیەتەیە.
شەممە 14ـی ئەیلوولی 2024، سەهین موفتی لە بەرنامەی بۆ هەمووان لە شاشەی کوردستان24، باسیی گرنگیی پرۆژەکەی بۆ ئێستا و ئایندەی شاری هەولێر کرد.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ هەرێمی کوردستان گوتی: ئەو پرۆژە بەهایەکی هەنووکەی و دواڕۆژیشی هەیە کە چەندین ساڵ بوو هەولێر کێشەی ئاوی هەبوو، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران پرۆژەکە بڕیاری لێ درا کە ئێستا بە سێ شەفت کاری تێدا دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ گوتی: لە کارنامەی کابینەی نۆیەم ئاسایشی ئاو باسی لێوە کراوە، ئاو بە هەموو پێویستییەکان و ئیدارەدانی، ڕایگەیاند کە پرۆژەی ئاوی قوشتەپە لە ڕۆژانی دادێ بەردی بناغەی بۆ دادەنرێت، لەگەڵ پرۆژەی ڕیسایکلینی ئاوی هەولێر، هەروەها لە دوین پرۆژەی دروستکردنی بەنداوێک ڕادەگەیەندرێت.
ئاری ئەحمەد گوتی: پرۆژەکە ئاو لە زێی گەورە وەردەگرێت، بەچەند هێلێک ئاو دەگەیەنێتە هەولێر و پرۆژەکە بۆ هەمووانە بێ جیاوازیی، دەشڵێت: پرۆژەکە بە چوار ساڵ نزیکەی 1200 بیر دادەخات، لە کاتێکدا هەولێر بە تەواوی گەڕەکانی نزیکەی 400 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە کە پرۆژەکانی ئاویان پێدەگات، گوتی: هەولێر نزیکەی دوو هەزار بیری هەیە و نزیکە سەدا 70ـی بیرەکانی ئەو گەڕەکانە دادەخەین، ئاو لەڕێگەی ئەو پرۆژەیە بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت، بەهۆیەوە ئاوی ژێر زەوی زیاد دەکات، دەشڵێت: لەماوەی 10 ساڵدا ترسمان لە ئاوی ژێر زەوی نامێنێت.
دەڵێت: ڕۆژانە نزیکەی 5 هەزار کەس کار لە پرۆژەکە دەکەن و480 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە، بۆیە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نییە، سەرۆکوەزیران دیدگایەکی زۆر ستراتیجی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوازێکی ستراتیژی، نەوەک بە شێوازیی هەنووکەی و بەپەلە.
دواتر هێمن نەزیف، بەڕێوەبەری پرۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر گوتی: گرنگیی پرۆژەکە ئەوەیە کە بیرەکانی ئاو دادەخات و نزیکەی نیو ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا ئاو بەرهەم دێنێت دەکاتە 24 هەزار تانکەر ئاو و 1500 بیری ئاوی چاک کە ئاویان زۆر باشە، ئاو دەگەیەنێتە تەواوی گەڕەکەکانی شاری هەولێر کە ئەو ئاوەیان پێشتر پێ نەگەیشتبوو، دەشڵێت: پرۆژەکە گەڕەکە هەژار نشینەکان دەگرێتەوە کە جێی گرنگیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی یە.
گوتیشی: کۆمپانیای هێمن گرووپ بەڵێنی داوە کە لەماوەی ساڵێکدا پرۆژەکە تەواو بکات، لەگەڵ ئەوەی ماوەی پرۆژەکە خۆی بۆ ساڵێک و نیوە.
پاشان، دکتۆر سلێمان عەبدولڵا، پسپۆری سیاسەتی ئاو گوتی: پرۆژەکە شاری هەولێر دەگرێتەوە کە بەپێی مێژوو زۆر گەورەبووە، دەڵێت: بەپێی توێژینەوەیەک ئێستا سەدا 60ـی ئاوی هەولێر لەسەر بیرەکانن کە مەترسی لەسەر ئاوی ژێر زەوی دروست دکردووە، بۆیە پێویستمان بەو جۆرە پرۆژانەیە لە هەموو کوردستان.
دەشڵێت: جووڵەیەک هەیە بۆ دروستکردنی پۆند و بەندا و پرۆژەی ستراتیژیی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، گوتی: وڵاتان ئاویان وەک چەک بەکارهێناوە، بەکارهێنانی ئاوی بیرەکان زیان بە نەوەی داهاتوو دەگەیەنێت، ئاماژەی بەوە کرد کە، تۆڕی دابەشکردنی ئاویش نوێ دەکرێنەوە، کار و پرۆژەکان زۆر باشن کە ناوچەکە دەبووژێنێننەوە و ئاوەدانیان دەکەنەوە.
یەکشەممە، 08-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێری دانا.
ئاری ئەحمەد باسی کرد، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، بە ڕێژەی 100٪ـی کێشەی کەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر چارە دەکات و گوتی: لە ماوەی 550 ڕۆژ و زووتریش، پرۆژەکە تەواو لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، پرۆژەکە بریتییە لە دوو وێستگەی پاڵاوتنی ئاو بە توانای 20 هەزار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا بەپێی ستاندرادی عێراقی و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی.
لەبارەی چۆنییەتی کارپێکردنی پرۆژەکە، ناوبراو ئاشکرای کرد "پرۆژەکە پێکهاتووە لە یەکەی وەرگرتنی ئاو لەسەر زێی گەورە لە نزیک گوندی کەورگۆسک، بەڵام وێستگەی پاڵاوتنەکە دەکەوێتە نزیک گوندی گاینج، هاوکات وێستگەیەکی دابەشکرنی ئاو لە نزیک گوندی سێبیران دروست دەکرێت".
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان گوتیشی: 10 کۆگای ئاو لە چوارچێوەی پرۆژەکە دادەنرێن کە توانای کۆگاکردنی 200 هەزار مەتر سێجا ئاویان هەیە، هەر لەو پرۆژەیەدا 200 کیلۆمەتر بۆری ئاسنی سپایرۆڵ ستیل بە تیرەکانی 1600 ملیم، 1500 ملیم، 1200 ملیم، 800 ملیم، 700 ملیم و تاوەکوو 300 ملیمەتر بەکار دێت.
وەکو ئەوەی ئاری ئەحمەد باسی کرد، 280 کیلۆمەتر بۆری ئەسیلین بە تیرەی 160 ملیم و 220 ملیم و 250 ملیم بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر لە چوارچێوەی پرۆژەکە دابین دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت: کارەبای نیشتمانی و کارەبای یەدەگ لە ڕێگەی موەلیدەوە بۆ پرۆژەکە دابین دەکرێت. ڕوونیشی کردەوە "پرۆژەکە دوو وێستگە لە نێو یەک چوارچێوەدایە و بە هەردوو وێستگەکە 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێون، لەکاتێک هەر کێشەیەک بۆ وێستگەیەک دروست بێت، وێستگەکەی دیکە کار دەکات و بێئاوی هەرگیز دروست نابێت.
ئەو بەرپرسەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو، پرۆژەکە ئاو دەگەیەنێتە گەڕەکەکانی نێوان هەردوو شەقامی 150 مەتری و 120 مەتری و گەڕەکاکانی دورووبەریان، لەگەڵ دارەتوو، بنەسڵاوە، کەسنەزان، شاوێس، پیرزین، بەحرکە، عەنکاوە، سێبیران.
یەكشەممە، 08-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر دانا.
پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، بە گوژمەی 479 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت و بە ڕێژەی 100٪ـی کێشەی کەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر چارە دەکات. پرۆژەکە لە ماوەی 550 ڕۆژ و زووتریش، لەلایەن هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا پرۆژەکەی بە "یەکێک لە پێویستیترین و گرنگترین پرۆژەکانی کوردستان" ناو برد و گوتی، "بە قەبارەیەک ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر، تاوەکو نزیکەی 30 ساڵی دیکە، هەولێر کێشەی کەمئاوی نابێت. داوام کردووە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆژەیە، تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕەکەکانیش ڕێک بخرێتەوە تاوەکوو بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە، بتوانرێت ئاو بە هەموو گەڕەکەکانی هەولێر بگەیەندرێت".
مەسرور بارزانی گوتی، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، "لەلایەن کۆمپانیای باوەڕپێکراوی ناوخۆ، واتا هێمن گرووپەوە جێ بەجێ دەکرێت. تا ئێستا کارەکانیان لە ڕووی کواڵێتی و خێرای جێگەی پەسەند بووە، تا ئێستا خۆم دوو جار لەگەڵیان دانیشتووم و بەدواداچوونی دیزاین و جێبەجێکردنی پرۆژەکەم کردووە و بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ ئەم پرۆژە گرنگەیە. لەو باوەڕەیەدام پرۆژەکە لە ماوەی کاتێکی گونجاودا دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییانی پارێزگای هەولێردا".
بە گوتەی مەسرور بارزانی، "هەولێری پایتەخت چەندان ساڵە لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمئاوی هەیە، چەندین ساڵ بوو، بڕیار بوو کۆمپانیایەکی بیانی، پرۆژەی ئیفراز چوار جێبەجێ بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو کۆمپانیایە نەیتوانیوە بەپێی گرێبەست هەنگاوی کردەیی بۆ دەستپێکردنی پرۆژەکە بنێت؛ بۆیە لەم دوو ساڵە دوای پەتای کۆرۆنا، وێڕای هەموو گرفت و کۆسپەکان و دۆخی سەختی ئابووری، دامودەزگا پەیوندیدارەکانم ڕاسپارد، بە زووترین کات ڕێگەچارەیەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە. لە دوا هەنگاودا، بڕیارم دا ئەم بابەتە چی تر دوانەکەوێت و داوام کرد ئەم پرۆژەیەی ئێستا وەکو پرۆژەیەکی فریاگوزاریی خێرا بۆ چارەی کێشەی کەمئاوی پایتەخت دەست پێ بکات".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد "لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ كێشەی کەمئاوی لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە کێشەکە چارە بکەن، بەڵام بەداخەوە، هەندێک لایەن هەوڵیان دا کێشەی دەیان ساڵە و نەهامەتییەکانی خەڵک، بکەن بە کەرەستەی بانگەشە و ململانێی سیاسی. كێشەی کەمئاوی بە چەند تانکەرێکی ئاو چارە ناکرێت، بەڵکوو پێویستە پرۆژەیەکی وەکوو ئەمە بخرێتە گەڕ کە ئاوی زێی گەورە بگەیەنێتە شاری هەولێر".
مەسرور بارزانی ڕوونیشی کردەوە، داوای کردووە پرۆژەیەکی دیکەی ئاو بۆ سنووری قۆشتەپە و گوندەکانی دەوروبەری دەست پێ بکرێت کە ئاو لە زێی بچووک دەگەیەنێتە ئەو دەڤەرە. وەکو خۆی گوتی: بە تەواوبوونی ئەو پرۆژانەش سەدان بیری ئاو دادەخین؛ ئەمەش دەبێتە هۆیەک بۆ بووژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی.
سەرۆکوەزیران ئەوەشی خستە ڕوو، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە هەرچی زووە دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕیسایکلینی ئاو بکرێت "واتا کار بۆ بەکارهێنانەوەی ئەو ئاوە بکرێت کە لە شاری هەولێر دەردەچێت؛ بەم ڕێگەیەش ڕێگە لە پیسبوونی ژینگە و ئاوی ژێرزەوی دەگرین و هەمیش ئاوەکە بۆ بواری پارک و سەوزایی بەکار دەهێندرێتەوە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە "هەست بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دەڤەرەکەمان دەکەین، بۆیە لە پێناو پاراستنی سامانی ئاو و ژینگەمان، دەستمان بە دروستکردنی چەندین بەنداو بە قەبارەی جیاواز کردووە؛ لەم هەنگاوانەمان بەردەوام دەبین تاوەکوو بە گلدانەوەی ئاو، بتوانین پەرە بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بدەین".
مەسرور بارزانی بە پێویستی دەزانێت "پەرە بە فەرهەنگ و هۆشیاریی چۆنییەتی بەکارهێنان و پاراستنی ئاو بدەین. بەداخەوە ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو بۆ یەک تاکەکەس لە هەرێمی کوردستاندا، زۆر لە ڕێژەی ستانداردی نێودەوڵەتی زیاترە، بۆیە دەبێت سیستەمی پەروەردە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆڵی خۆیان لەم بوارەدا ببینن و خەڵکیش ڕەچاوی ئەوە بکەن، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاودا نەکەن".