بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا: واشنتۆن لەگەڵ ستراتیجی ئیسرائیل ناکۆکە

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، واشنتۆن باوەڕی بەوە نییە هێرشەکانی ئیسرائیل حزبوڵلای لوبنانی ناچار بکات گرژییەکان کەم بکاتەوە، هەروەها لەگەڵ ستراتیجیی ئیسرائیلیش ناکۆکە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، ململانێکان پرسێکی سەرەکی بووە لە کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینکن لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتۆن بیرۆکەی کۆنکرێتی هەیە بۆ ڕێگریی لە شەڕێکی فراوانتر و بەدوای ڕێگای دەرچوون لە گرژییەکاندا دەگەڕێت.

ئەو بەرپرسە دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا ئەم بیرۆکانە دەخاتە ڕوو بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانی لوبنان و دژایەتیی واشنتۆنی دووپاتکردەوە بۆ هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.

ئاماری هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان، لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەوە بۆ 492 کوژراو و زیاتر لە هەزار و 600 بریندار بەرزبووەتەوە.