سوودانی و جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا پرسی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان تاووتوێ کرد

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ واڵی ئەدیەمۆو، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا و ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا کۆبووەوە.

لە دیدارەکەی نێوانیاندا گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییە ئابوورییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە کەرتە گرنگە جیاوازەکان کرد، هەروەها پێداچوونەوە بە هەوڵ و پلانەکانی حکوومەت بۆ چاکسازیی ئابووری و دارایی و ڕەوتی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمی عێراق، بەرزکردنەوەی ئامانجەکانی گەشەپێدان و ڕێوشوێنە کردارییەکانی جێبەجێکراو لە بواری بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتی: حکوومەت هەنگاوی گەورەی لە دۆسیەی چاکسازیی دارایی و بانکیدا ناوە، هەروەها 95%ـی حەواڵەی بانکیی لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنییەوە تەواو بووە، کەمتر لە 5%ی ماوەتەوە تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەکرێت.

لای خۆیەوە گوتی: دۆخی گەشەی ئابووری کە بە کۆی گشتی گەیشتووەتە نزیکەی 6%، ئەمەش بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی گەڕاندەوە، ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری و کارکردن لە چوارچێوەی هاوبەشی دوولایەنەدا دەربڕی لە پێناو بەرژەوەندی گەشەپێدانی ئابووریدا.

21ـی ئەیلوولی 2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە نیویۆرک و بۆ به‌شداری له‌ حەفتا و نۆیەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌م باره‌وه‌ ڕایگه‌یاندووه‌: سوودانی له‌ په‌راوێزی به‌شداریكردنی له‌ کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوی به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ و سه‌رۆكی وڵاتان و سه‌رۆكی ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كه‌وێت.

Fly Erbil Advertisment