رووماڵ

پارێزگاری هەولێر: دوور لە گرژی و ئاڵۆزی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: به‌ شێوازی شارستانی و ڕەچاوکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیيانە، دوور لە گرژی و ئاڵۆزی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن.

سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت: به‌بۆنه‌ی ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی کوردستان کە بڕیارە لە کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەو دەستپێبکات، داواکارین لە سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و بەربژێران لە سنووری پارێزگای هەولێر، له‌ پێناو به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆسه‌کە به‌ شێوازێكى شارستانی و بەڕەچاوکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیيانەی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکان، ڕێزگرتن له‌ پيرۆزییەکان و هێما و سيمبۆلى كوردستان و دوور لە گرژی و ئاڵۆزی، بەشێوەیەکی ئاشتیانە و پاراستنی دیموکراتی و یەکتر قەبوڵکردن، بە پابه‌ندبوون بە بڕیار و ڕێنمايييه‌كانى لیژنەی ئەمنی پارێزگا و یاساکانی كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان، پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەببەن.

پارێزگاری هەولێر دەڵێت: هەموو لایەک دڵنییا دەکەینەوە، بە فەراهەمکردنی ئازادی بۆ سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و کاندیدان بەبێ جیاوازی لە سنووری پارێزگاکەمان و به‌ڕێوه‌چوونى ماوه‌ى دیاریكراوى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ركه‌وتوویى، سەرجەم دام و دەزگا و لایەنە ئەمنییەكانی سنووری پارێزگاکەمان ڕاسپاردووە، پارێزگاری بەڕێوەچوونی ئاشتییانە و بێ كێشەی بانگەشه‌ى هه‌ڵبژاردن بن، بە ئومێدی ئەوەی ئەو ڕۆژانەی دیاریکراوە بۆ بانگەشە، بە شێوەیەکی ئارام و لە سەرخۆ و دوور لە پێشێلکاری بەڕێوەبچێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، به‌بۆنه‌ی ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی کوردستان، پەیامێکی ئاراستەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی بەشداربووی هەڵبژاردن و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد و وێڕای ئەوەی داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، پابه‌ندى ياسا و ڕێنمايييه‌كانى كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بن، ڕاشیگەیاند، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانێكى به‌هێز، ده‌رفه‌ت و يارمه‌تيده‌رێكى گرنگه‌ بۆ پته‌وكردنى سيستمى ديموكراسى و دامه‌زراوه‌يى و چاكسازى.

هەروا داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد بانگه‌شه‌يه‌كى ئارام و شارستانى‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و بەرنامەی هەڵبژاردن كه‌ جێی متمانه‌ و چاوەڕوانيی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، پێشکەش بکەن.

گوتیشی: ئامانجەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەورەن و زەمینەیەکی فراوانی ململانێی شارستانی لەنێوان لایەنەكان و ليست و كانديده‌كاندا هەیە. هه‌مووان ئازادن له‌وه‌ى پڕۆپاگه‌نده‌ بۆ سياسه‌ت و به‌رنامه‌كانيان بكه‌ن، ڕه‌خنه‌ بگرن، به‌ڵام ده‌بێت هيچ كه‌س و لايه‌نێك ڕێگه‌ به‌ خۆى نه‌دات ڕق و كينه بڵاو بكاته‌وه‌‌.

ڕۆژی 25ـی ئەیلوولی 2024 بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێدەکات تاوەکو 15ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت، هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بەڕێوە دەچێت و ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لیستی ناوی کاندیدانی پەسەند کرد کە ژمارەیان 1191 کەسە.