عەبدوڵلا شێرکاوەیی: نموونەی پێکەوەژیانی کوردستان بە ناوەندەکانی ئەمەریکا دەگەیەنین

د.عەبدوڵلا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
د.عەبدوڵلا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان، کە ئەندامێکی شاندی بۆردی باڵای وتاربێژانی هەرێمی کوردستانە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت: لە ئەمەریکا سەردانی ناوەندە ئەکادیمی و ئاینییەکان دەکەین و نموونەی پێکەوەژیانی کوردستانیان نیشان دەدەین.

د.عەبدوڵلا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: شاندێکی مامۆستایانی ئایینی کە پێکهاتوون لە بەشێکی  ئەندامانی بۆردی باڵای وتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەرپرسانی بۆردی پارێزگاکان ئێستە لە ئەمەریکان، لە هەردوو  ویلایەتی واشنتن و کالیفۆرنیا سەردانی چەندین ناوەند و دەزگای ئەکادیمی و ئایینی و فەرهەنگی دەکەین بۆ زیاتر تێگەیشتن لە پرسی پێکەوەژیانی ئایینی و یەکتر قەبوڵکردن و  ڕێزگرتن لە بەها مرۆییەکان، لەگەڵ پەرەدان بە خاڵە هاوبەشەکان، بۆ ئەوەی بتوانین بەرەنگاریی هەندێک لەو پێشهات وئالەنگارییانە ببینەوە کە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەکان بوونەتەوە.

د.عەبدوڵلا شێرکاوەیی دەڵێت: ئامانجێکی دیکەی ئەو سەردانەی بۆردی باڵای وتاربێژانی هەرێمی کوردستان بۆ ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمەریکا، بەشدارییە لە پرۆژەی بەرەنگاریی بیریی توندڕەوییە لەسەر ئاستی وڵاتان، بۆ ئەوەی نەخشەڕێگەیەک دابندرێت بۆ چارە و نەهێشتنی بیری توندڕەوی. هاوکات، ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی و ناوەندە ئەکادیمییەکان بۆ ئەوەی هاوبەش بن لە کەمکردنەوەی ئەو بیرە توندڕەوییە و بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیان و یەکتر قەبوڵکردن، هەروەها داکۆکی کردن لە مافی مرۆڤ.

ئەو مامۆستا ئایینیە دەڵێت: بەرنامەمان هەیە سەردانی چەند ناوەندێک بکەین لە ئەمەریکا، لەوانە چەند سەنتەرێکی توێژینەوەی ئەکادیمی و چەند مزگەوتێک و ناوەندێکی ئایینی و چەند کەسایەتییەک و ناوەندە فەرمییەکانیش، دەمانەوێت پەیامی کورد بدەینە ئەو ناوەندە گرنگانەی ئەمەریکا بۆ خزمەتکردنی کوردستان.

دەشڵێت: ئەو پەیوەندییانە بۆ ئێمە مامۆستایانی ئایینی گرنگە بۆ ئەوەی نموونەی ئەو پێکەوە ژیانەی لە کوردستان هەیە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە لێمانەوە دوورن، هیوادارین دەنگی مامۆستا و زانایانی ئایینی کوردستان بین لەو وڵاتە.

سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024، کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، ستیڤ بیتنەر کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ گروپێک لە پێش نوێژ و گوتارخوێنانی ئایینی هەرێمی کوردستان  کۆبووەوە کە بۆ بەشداریکردن لە پرۆگرامێکی ئاڵوگۆڕی کەلتووری گەشت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەن. کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت: لەمیانەی پڕۆگرامەکەدا، مامۆستایانی ئایینی بە مەبەستی ئاشنابوونی زیاتر بە لێبووردەیی ئایینی و ڕۆڵی سەرکردە ئایینییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوەیدا، سەردانی نووسینگەکانی حکوومەت و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و دەزگا ئایینییەکان لە ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەن، کونسوڵخانەکە دەشڵێت: شاندەکە بۆ دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی، سەردانی جڤاتی ئایینە جیاوازەکان دەکەن.