نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى فه‌ره‌نسا كۆ بووه‌وه‌

نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ پاتريك دۆرێل باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق
نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ پاتريك دۆرێل باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق

نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پاتريك دۆرێل، باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق هيوايان خواست بانگه‌شه‌يه‌كى ئارام و پرۆسه‌ى ده‌نگدان به‌ سه‌ركه‌وتوويى به‌ڕێوه‌ بچێت.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2024/9/25  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له‌  پاتريك دۆرێل، باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق كرد.

له‌ ديدارێكدا، په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى گفتوگۆى هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌كردنى كێشه‌كانى نێوانيان، دۆخى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌رفه‌ت و زه‌مينه‌ى بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كان به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئاڵۆگۆڕى بازرگانى و ئابووريدا، له‌باره‌. له‌م باره‌يه‌وه‌ بيروڕايان ده‌رباره‌ى ده‌رفه‌ت و هه‌نگاوه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شييان، گۆڕييه‌وه‌.

له‌ ديداره‌كه‌دا، که‌ كونسوڵى گشتيى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ی بوو، وێڕاى داكۆكيكردن له‌ گرنگيى هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌رێمى كوردستان، هيوايان خواست بانگه‌شه‌يه‌كى ئارام و پرۆسه‌ى ده‌نگدان به‌ سه‌ركه‌وتوويى به‌ڕێوه‌ بچێت. 

دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێ بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.

444