هاوار محەمەد: پارتی زەمانەتی مانەوە و بەهێزترکردنی کوردستانە

هاوار محەمەد
هاوار محەمەد

کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی هەولێر دەڵێت: دەنگدان بە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، زەمانەتی مانەوە و بەهێزتر بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.

یەکشەممە 29ـی ئەیلوولی 2024، هاوار محەمەد، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان  بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی هەولێر بە کوردستان24ـی گوت: دەنگدان بە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، زەمانەتی مانەوە و بەهێزتر بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.

ئەو کاندیدەی پارتی گوتی: دروشمی لایەنەکانی دیکە جگەلە پارتی بۆ هەڵبژاردن، نا ئارامی تێدایە و لە ڕوانگەی هەرزەکارانەی سیاسیی ئەو دروشمانە دەستنیشان کراون،دەڵێت: دروشمی سیاسیی وا دەکات ئاسایشی کۆمەڵایەتیی لە کوردستان تێکبدات، ئەو لایەنە هەموو ئەو دۆخەی دروستی دەکات لە ئەنجامی ئەو دروشمانەیە کە لێکەوتەیەکی خراپی لەسەر کۆمەڵگە و داهاتووی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان هەیە، دەڵێت: ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ ئەو دروشمانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرزی کردووەتەوە، بریتییە لە ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەیی و خۆڕاگریی، ئارامی کە خودای گەورە لە قورئانی پیرۆز باسی کردووە، پێویستە مرۆڤ شانازیی بەو نیعمەتە بکات کە لە وڵاتەکەی هەیەتی، هاوکات ئاوەدانی، پارتی بە کردەوە کوردستانی ئاوەدان کردووەتەوە و کوردستانی بردووەتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر.

دەڵێت: پێکەوەییش پارتی دیموکراتی کوردستان وەک دروشم بە کردارەکی کاری لەسەر کردووە، خۆڕاگریش خەڵکی کوردستان شاهیدن کە ئەگەر خۆڕاگریی پارتی نەبووایە، قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەوتە مەترسییەوە.

گوتی: لایەن هەیە پێی ئاساییە ئەگەر قەوارەی هەرێمی کوردستانیش نەمێنێت تەنها چەند کورسیەکیان زیاد بێت، بە کردار ئەوەیان کردووە، بەنموونەی دانانی پارێزگاری کەرکووک کە لە پرۆسەیەکی گوماناویدا داندرا، ئەوەش مەترسیی لەسەر ڕێژەی کورد لە کەرکووک هەیە.

هاوار محەمەد دەڵێت: هەر کاتێک پارتی بەهێز بووبێت، قەوارەی هەرێمی کوردستان بەهێزبووە، پێویستە خەڵکی  کوردستان درک بەوە بکەن کە پرسی بەشدارییان لە هەڵبژاردن گرنگە بۆ دەنگدان بە پارتی دیموکراتی کوردستان کە زەمانەتی مانەوە و بەهێزترکردنی کوردستانە.

گوتی: پارت و لایەنەکانی دیکە هەست بە بەرپرسیارەتی ناکەن لەو دۆخە سەخت و ئاڵۆزەی لە ناوچەکە هەیە، پێویستە ئەو دۆخە و ئاسایشی کوردستان لەبەرچاو بگرن.