ڕێباز حەملان: یەکێتی ملی ئەو میللەتەیان خستە ژێر چەقۆی بەغدا

ٌڕێباز حەملان
ٌڕێباز حەملان

ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کاروباری دارایی و ئابووریی دەڵێت: یەکێتی ملی ئەو میللەتەیان خستە ژێر چەقۆی بەغدا.

یەکشەممە 29ـی ئەیلوولی 2024، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کاروباری دارایی و ئابووریی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:  ئەوەی لە سلێمانی و دەورووبەری دەگوزەرێ بانگەشە نییە و هەموو پرەنسیپەکانی تێپەڕاندووە، لە هەڵەبجە بە ئاشکرا ئامێرەکانی حکوومەتییان بەکارهێناوە بۆ لێکردنەوەی پۆستەری کاندیدەکانی پارتی، ئەوە بانگەشەیەکی تەندروست نییە.

دەشڵێت: کاتێک لایەنێکی سیاسی هیچی لە گیرفان نەبێت نەوەک بۆ خەڵکی کوردستان بۆ خەڵکی خۆشی، ناچارە هێرش بکاتە لایەنەکەی بەرامبەری بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی لایەنی بەرامبەر لەبیر خەڵک بباتەوە.

گوتی: خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین ودەبێت لەوە تێبگەن کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو کێ دەسەڵاتی هەبووە لە شارانە و چییان بۆ کردوونە، دەڵێت:  خەڵک لەو دەڤەرە لە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە توڕەیە، هەتا ئەمڕۆ یەکێتی نیشتمانی بەردەوام لە کابینەی یەکەم تا کابینەی نۆ لە سەرەوەی دەسەڵات بووە، نەیانتوانی بەو دەسەڵاتانەی هەیانە خزمەت بە خەڵکی ئەو ناوچانە بکەن.

ڕێباز حەملان دەڵێت: یەکێتی چ دەسەڵاتێک دەڕوخێنێت کە خۆیان بە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی لە وەزارەتە گرنگەکان بەشدارن، بەشدارن لە بڕیاڕی سیاسی، هەموو دەسەڵاتێک لەدەست خۆیانە لە ئیدارەی خۆجێی، نازانم ئەوان چ دەسەڵاتێک بڕوخێنن، کەس نەیتوانیووە لەو سنوورە فەرمانبەرێک سزا بدات، ئەوان ناچارن وا بکەن چونکە هیچیان لە گیرفاندا نییە.

گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان لە یەکەم ڕۆژی گرتنە دەسەڵات، بەردەوام خۆڕاگربووە بەرامبەر نەیارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو هەرێمە بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی گەورە بووە لەناوبچێت، ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستانە شەڕی مانەوەی هەرێمی کوردستان و بەرگریی لە خوێنی شەهیدان کردووە.

دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان شانازیی بەوە دەکات بەرگریکار بووە لە هەرێمی کوردستان و بەردەوام بووە لە ئاوەدانی، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردووی کابینەی نۆ، هەرچی دوژمنکارییە بەرامبەر کابینەی نۆیەم و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرا، بەڵام بەخۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەرگەی هەموو ئالەنگارییەکان گیرا، لە کابینەی نۆ، 3362 پرۆژە بای نزیکە 14 ترلیۆن دینار ڕاگەیاندراوە، لە کۆی ئەو پرۆژانە 1100 پرۆژەی لە سەدا 100 جێبەجێ کراوە، 900 پرۆژەی سەدا 50 جێبەجێ کراوە، 1600 پرۆژەش لە خوار سەدا 50ـی جێبەجێ کراون، ئەوەی جێبەجێ نەکراوە بەداخەوە کەوتووەتە دەڤەری سلێمانی، یەک دینار لە داهاتی سلێمانی نەگەڕاوەتە هەولێر.

گوتی: ئەگەر ڕێگەیان بدابا دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەسەر ئەو دەڤەرەوە هەبێت، زۆر زیاتری لە هەولێر و دهۆک بۆ دەکردن، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەماوەی دوو مانگدا دوو جار چووتە هەڵەبجە و لەگەڵ هاووڵاتییان کۆبووەتەوە، پشتیوانیی کشتوکاڵ و پەروەردەی کردوون، پارێزگاری هەڵەبجە شاهێدە چی بۆ هەڵەبجە کردووە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەسەڵاتەکانی خۆی شۆڕکردووەتەوە بۆ  دەڤەرەکە بۆ ئەوەی هەموو خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ بکرێن.

دەڵێت: یەکێتی نیشتمانی لە بری تۆڵە، دوو شەقامیان لە سلێمانی دروستکردبا و چەندین ساڵە چەند شەقامێکیان پێ دروست نەکراوە، ملی ئەو میللەتەیان خستە ژێر چەقۆی بەغدا.