توركیا 55 ئه‌ندامی هێزه‌كانی ئه‌منی و هه‌واڵگری ده‌ستگیر ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
حكومه‌تی توركیا 55 ئه‌ندامی هێزه‌كانی ئه‌منی و هه‌واڵگری به تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كوده‌تای 15 ته‌موزی رابردوو و ئه‌ندامه‌تی له جه‌ماعه‌تی گوله‌ن ده‌ستگیر ده‌كات.
هێزه‌كانی پۆلیسی توركیا له 31 پارێزگای ئه‌و وڵاته ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تی گرتنی ئه‌و كه‌سانه كرد كه تۆمه‌تبارن به ئه‌ندامه‌تی له جه‌ماعه‌تی گوله‌ن یان په‌یوه‌ندی به كوده‌تای شكستخواردووی 15 ته‌موزی رابردوو، پاش ئه‌وه‌ی كه داواكاری گشتی بڕیاری ده‌ستگیركردنی 101 كه‌سی ده‌ركرد.
حكومه‌تی توركیا له چوارچێوه‌ی باری ئاناسایی كه بۆ جاری دووه‌م بۆ ماوه‌ی سێ مانگی تر دریژكرایه‌وه، زیاتر له 100 هه‌زار كه‌س له سوپا، پۆلیس، داواكاری گشتی، دادوه‌ر، مامۆستا و كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتی له كاره‌كانیان دوور خستووه و نزیكه‌ی 32 هه‌زار كه‌س گیراون كه ژماره‌یه‌كی زۆریش رۆژنامه‌نووس له نێوانیاندان.
له كوده‌تای رۆژی 15 ته‌موزی رابردوو 240 كه‌س كوژران و فه‌تحوڵڵا گوله‌ن كه بۆ ماوه‌ی 17 ساڵه له ئه‌مریكا ده‌ژیت، تۆمه‌ته‌كانی حكومه‌ت له‌باره‌ی ده‌ست هه‌بوون له كوده‌تای سه‌ربازی ره‌ت ده‌كاته‌وه و پێی وایه ئه‌ردۆغان بۆ خۆی له پشت ئه‌و كوده‌تایه بووه.