باشیك له‌ نێوان توركیا و عێراقدا

هاوپه‌یمانان پشتگیری له‌ عێراق ده‌كه‌ن

K24 – هه‌ولێر

رۆژنامه‌ی جمهوورییه‌تی توركی له‌ راپۆرتێكی شرۆڤه‌كاریدا باس له‌ ته‌نیا بوونی توركیا له‌ كێشه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ بوونی هێزه‌كانی له‌ ناحیه‌ی باشیك له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا.

په‌رله‌مانی عێراق پاش ئه‌وه‌ی كه‌ بوونی سه‌ربازانی توركیا له‌ باشیك به‌ داگیركار وه‌سفكرد، وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ڕی دژی داعش، جۆن دۆریان رایگه‌یاند: "سه‌ربازانی تورك له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق نین و بێ مۆڵه‌تی حكومه‌تی عێراق هاتوون و دژی یاسایه‌" و "به‌غدا بڕیار له‌سه‌ر به‌شداریكردنی لایه‌نه‌كان له‌ ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ ده‌دات".

درێژكردنه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سوپای تورك له‌ سوریا و عێراق له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی توركیا بۆ ماوه‌ی ساڵێك، كێشه‌ی باشیك كرده‌ رۆژه‌ڤی سیاسی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و به‌غدا و له‌ دوایین په‌ره‌سه‌ندندا بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق و بانگهێشتكردنی باڵیۆزه‌كانی یه‌كتر لێكه‌وته‌وه‌.

هه‌ر به‌ پێی سه‌رچاوه‌كه،‌ هێزه‌كانی تورك له‌‌ باشیك مه‌شق و راهێنان به‌ نزیكه‌ی 3 هه‌زار عێراقی ده‌كه‌ن و ئه‌نقه‌ره‌ داوای به‌شداری پێكردنیان له‌ ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ ده‌كات و ئه‌سیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا به‌ به‌رپرسیاری ئه‌و هێزانه‌ ده‌زانێت.

ئاماژه‌ به‌ لێدوانێكی نوجێفی ده‌كات كه‌ دڵنیایه‌ هێزه‌كانی له‌ ژێر فه‌رمانده‌یی سوپای عێراق به‌شداری له‌ ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ ده‌كه‌ن. كێشه‌ی نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ به‌ كێشه‌یه‌كی سیاسی ده‌زانێت و به‌ شێوازی دیپلۆماسی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ده‌شڵێت له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنی موسڵ ده‌بن و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هه‌ردووكیانی هه‌یه‌ و پێشمه‌رگه‌ش به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ده‌بێت.