داوا لە حەشدی شەعبی دەكرێت بەشداری شەڕی مووسڵ نەکات
K24 - ھەولێر
لە نامەیەکدا رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، هیومان رایتس وۆچ، بۆ مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق، داوای پاراستنی گیانی هاووڵاتیان دەکات لە کاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری.
لە دەقی نامەکەدا هاتووە:" ملیشیاکانی فەیلەقی بەدر و کەتائیبی حیزبوڵڵا و ژمارەیەک گروپی دیکەی سەر بە حەشدی شەعبی، چەندین پێشێلکارییان لە کاتی کۆنتڕۆڵکردنەوەی فەللوجە و چەند ناوچەیەکی دیکە ئەنجامداوە، بۆیە ناخوازین ئەم ئەزموونە تاڵە لە مووسڵیش دووبارە بێتەوە، بۆیە داواکارین رێگا بە بەشداریکردنییان نەدرێت لە پرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵدا".
هەروەها نامەکە داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، دەسەڵاتی خۆیان بەکار بهێنن بۆ ئەوەی گیانی هاوڵاتیانی سڤیل بپارێزرێ و رێگری بکەن لە کاری توڵەسەندنەوە و کوشتن لە دژی خەڵک.