تره‌مپ: كیم جۆنگ ئون كه‌سێكی فێڵبازه
"دڵنیام زۆر كه‌س ده‌یانویست ده‌سه‌ڵاتی لێوه‌ربگرن، به‌ڵام ئه‌و توانی كۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌ی بكات
K24 - هه‌ولێر:
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ده‌رباره‌ی "كیم جۆنگ ئون" سه‌رۆكی كۆریای باكوور، رۆژی یه‌كشه‌ممه 30/4/2017 قسه‌ی كردووه و ده‌ڵێت" كیم كه‌سێكی "فێڵبازه" چونكه سه‌ركه‌وتوو بوو له‌وه‌ی به‌و ته‌مه‌نه بچووكه‌یه‌وه خۆی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌یدا بسه‌پێنێت، له كاتێكدا وڵاته‌كه پڕه له ئه‌فسه‌ر و سه‌ركرده‌ی گه‌وره‌ی سه‌ربازی و حه‌زی وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه".
له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "CBS" تره‌مپ گوتوویه‌تی" خه‌ڵكی ده‌پرسن، ئایا "كیم جۆنگ ئون كه‌سیكی عاقڵه؟"، به‌ڵام من به راستی هه‌ستم پێنه‌كردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی قسه‌كانم نه‌قۆزنه‌وه ده‌توانم بڵێم" ئه‌و گه‌نجێكی 26 بۆ 27 ساڵی بوو كاتێك باوكی مرد و ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، ئه‌و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا ده‌كات كه له راستیدا شه‌ڕه‌نگێزن، به تایبه‌تی جه‌نه‌راڵه‌كان و كه‌سانی دیكه‌ش، توانی له‌و ته‌مه‌نه منداڵییه‌دا ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست".
تره‌مپ ئه‌وه‌شی گووت" من دڵنیام زۆر كه‌س هه‌بوون ویستیان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی لیوه‌ربگرن، چ مامی و چ كه‌سانی دیكه‌ش، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش سه‌ركه‌وتوو بوو له (پاریزگاریكردن له ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی) بۆیه زۆر روونه كه ئه‌و كه‌سێكی فێڵبازه".
تره‌مپ له‌و دیداره‌دا چه‌ند جارێك ته‌ئكیدی كرده‌وه كه ده‌یه‌وێت له پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی كۆریای باكوور رزگاری بێت، بۆ ئه‌وه‌ش باسی له‌و فشارانه كرد كه چین ده‌یخاته‌سه‌ر پیۆنگ یانگ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حیسابی تاقیكردنه‌وه‌ی چین بێت كه ده‌یه‌وێت ببێته هێزه گه‌وره ئابوورییه‌كه‌ی جیهان".
تره‌مپ گوتووویه‌تی" به راشكاوی ده‌یڵێم، كۆریای باكوور له بازرگانی گرنگتره، بازرگانی زۆر گرنگه، به‌ڵام دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی جه‌نگێكی گشتگیریی ئه‌تۆمی كه ژیانی ملیۆنان كه‌س له ناو به‌رێت، ئه‌وه زۆر گرنگتره".