نه‌مسا و ئه‌ڵمانيا رێگرى له راپرسييه‌كى توركيا ده‌كه‌ن
ئه‌گه‌ر توركيا بيه‌وێت ئه‌و راپرسييه ئه‌نجامبدات.
K24 – هه‌ولێر:
هه‌ريه‌ك له نه‌مسا و ئه‌ڵمانيا رايانگه‌ياند، رێگه ناده‌ن له ناو وڵاته‌كه‌ياندا راپرسى بۆ دووباره خستنه‌وه‌گه‌ڕى سزاى له‌سێداره‌دان له توركيا بكرێت، ئه‌گه‌ر توركيا بيه‌وێت ئه‌و راپرسييه ئه‌نجامبدات.
وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا, سيباستيان كورتيس, ئه‌مڕۆ هه‌ينى رايگه‌ياند، له رووى ياساييه‌وه ده‌توانين رێگرى له‌و جۆره راپرسييه بكه‌ين.
گوتيشى: به گوێره‌ى ياساى نێوده‌وڵه‌تى ده‌وڵه‌ت بۆى هه‌يه رێگرى له هه‌ر جۆره راپرسييه‌كى بيانى له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ى بكات, وه‌ك بنه‌مايه‌ك بۆ پاراستنى سه‌روه‌رى خۆى.
هاوكات سكرتێرى رۆژنامه‌وانى حكومه‌تى ئه‌ڵمانيا, شتيڤن زايبرت, ئه‌مڕۆ هه‌ينى رايگه‌ياند، به‌رلين رێگه به كارى له‌و جۆره‌ى توركيا نادات.
گوتيشى: ئه‌گه‌ر توركيا بۆ خۆى ده‌يه‌وێت راپرسى بكات، ده‌بێت به روونى ئه‌وه بزانێت ده‌نگدان له سه‌ر خاكى ئه‌ڵمانيا به‌ڕێوه‌ناچێت.
هه‌روه‌ها گوتى: به شێوه‌يه‌كى بنبڕانه ناكرێت گريمانه‌ى ئه‌وه بكرێت ئێمه رێگه ده‌ده‌ين له‌سه‌ر خاكى وڵاته‌كه‌مان راپرسى بۆ پرسێك به‌ڕێوه‌بچێت كه دژى بنه‌ماكانى سيستمى ئه‌ڵمانيايه.
پێشتر سزاى له‌سێداره‌دان له توركيا راگيرابوو, دواى سه‌ركه‌وتنى راپرسييه‌كه‌ى 16ى نيسانى رابردوو بۆ هه‌مواركردنى ده‌ستوور, سه‌رۆكى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان رايگه‌ياندووه, به نيازن راپرسييه‌ك بۆ گێڕانه‌وه‌ى سزاى له‌سێداره‌دان له توركيا ئه‌نجام بده‌ن.