زانایه‌كی ناودار داوا ده‌كات به زوویی هه‌ساره‌یه‌كی دیكه بۆ ژیان بدۆزرێته‌وه
هۆكینگ: هۆشداری ده‌داته مرۆڤایه‌تی
K24 - هه‌ولێر:
زانای ناوداری بواری فیزیا "ستیڤن هۆكینگ"ـی بریتانی ده‌ڵێت" پیویسته مرۆڤایه‌تی له سه‌ده‌ی داهاتوودا په‌یوه‌ندی به ژماره‌یه‌ك هه‌ساره‌ی دیكه‌وه بكات بۆ ئه‌وه‌ی له له‌ناوچوون خۆی بپارێزێت".
رۆژنامه‌ی " News Week " ئه‌مریكی بڵاویكردووه‌ته‌وه، له میانی فیلمێكی دۆكیۆمێنتاریی نوێ‌دا كه بڕیاره هاوینی ئه‌مساڵ له كه‌ناڵی BBC بریتانی نیشان بدرێت، هۆكینگ باسی مه‌ترسییه‌كانی له ناوچوونی مرۆڤایه‌تی ده‌كات كه به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتوان و په‌تا و نه‌خۆشی كوشنده‌و به‌ریه‌ككه‌وتنی هه‌سارۆكه‌كان به‌رۆكی هه‌ساره‌ی زه‌وی ده‌گرێت.
هۆكینگ له‌و دۆكیۆمینتارییهدا نوێترین رووداو و پێشڤه‌چوونه‌كانی زانستی فه‌له‌كناسی و زیندوه‌رزانی، ته‌كنه‌لۆژیای مووشه‌ك كه ده‌بێته هۆی ده‌ستپێكردنی ژیانی مرۆڤ له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی مه‌ریخ، ده‌خاته‌ڕوو.
BBC رایگه‌یاندووه" هۆكینگ له زنجیره‌یه‌كی نوێ‌دا، پرۆفیسۆر و شاره‌زا "دانیاڵ جۆرج" و قوتابییه‌كی پێشووی خۆی به ناوی "كریستۆف گالفارد" بۆ زانینی توانای گه‌یشتنی مرۆڤ به هه‌ساره‌و ئه‌ستێره‌كانی دیكه راسپاردووه و ئه‌و گه‌شته‌ش له‌لای هۆكینگ خه‌یاڵی نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشووتر وا باس ده‌كرا".

به گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی رۆژنامه‌ی " News Week" هه‌وڵێكی تۆكمه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی سه‌ر رووی مه‌ریخ داگیربكات. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه "ئیلون موسك"ـی ملیاردێر، هیواداره له سه‌رده‌مانێكی نزیكدا، به‌هۆی كۆمپانیا ئاسمانییه‌كه‌یه‌وه (SpaceX) مه‌ریخ داگیربكات. ساڵی 2016 له‌وباریه‌وه موسك گوتبووی" ناتوانم پێشبینی كۆتایی زه‌وی بكه‌م، به‌ڵام مێژوو پێمان ده‌ڵێت هه‌ندێك رووداو قیامه‌ت درووست ده‌كه‌ن".ئه‌مه‌ش جاری یه‌كه‌م نییه "هۆكینگ" پێشبینی كۆتایی زه‌وی و چاره‌نووسی مرۆڤایه‌تی ده‌كات، به‌ڵك چه‌ندین جاری دیكه‌ش باسی مه‌ترسییه گه‌وره‌كانی كردووه كه رووبه‌ڕووی مرۆڤایه‌تی ده‌بنه‌وه له داهاتوودا.
ئه‌و زانا ناوداره‌ی فیزیا، به گوێره‌ی روانینی خۆی ده‌ڵێت" پێویسته هه‌ساره‌یه‌كی دیكه بۆ ژیان بدۆزرێته‌وه و زۆر به‌په‌له هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵگیرێت، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی بتوانێت له‌سه‌ر هه‌ساره نوێیه‌كه به‌رده‌وامی به ژیان بدات، ئه‌و هۆشدارییه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه پێش ئه‌وه‌ی زه‌وی بگاته ئه‌و دۆخه‌ی توانای ژیان له‌سه‌ری نه‌مێنێت، پیویسته رێگاچاره‌یه‌ك بۆ مانه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی بدۆزرێته‌وه، ئه‌گه‌رنا، ئه‌وه له هه‌زار ساڵی داهاتوو، مرۆڤ ناتوانێت له‌سه‌ر زه‌وی بژی".