عەبادی و ئەردۆغان تاوتوێی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن

"جەخت لە یەكپارچەیی عێراق دەكەنەوە"

K24 - ھەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كرد و لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانەوە گفتوگۆیان كردووە، ھەردوولا لەبارەی رەتكردنەوەی ریفراندۆم ھاوھەڵوێست بوون.

پێشتر، لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی توركیا، خۆشحاڵی خۆی بە رەتكردنەوەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەربڕیووە.

بە گوێرەی ئاژانسی ھەواڵی ئەنادۆڵ، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا گفتوگۆ لەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان کراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە پێداگری لەسەر ئەنجامی ریفراندۆم، بارگرژی ناوچەکە زیاتر دەکات و جەختیش لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق کراوە.

ئەوەش خراوەتەروو، کە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ راگرتنی ریفراندۆم، بڕیارێکی لەجێی خۆی بووە.

میدیاكانی توركیا ئاشكرایان كردووە، ھەر لە پەیوەندییەکەدا پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە تایبەتیش پەکەکە و داعش خرایە بەرباس و گفتوگۆ.

گفتوگۆی سەرۆك كۆماری توركیا و سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كاتێكدایە كە سەركردایەتی سیاسی كوردستان بڕیاریداوە 25 ئەیلوول ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجامبدرێت.