عه‌بادی: شه‌ڕی كورد و عه‌ره‌ب روونادات

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق: ده‌رگاكانمان بۆ هه‌موو جۆره‌ گفتوگۆیه‌ك ده‌كه‌ینه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، رایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له‌ نێوان عه‌ره‌ب و كورد رووبدات، هه‌مووان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن و حكومه‌تی عیراق شه‌ڕی ناوێت و خۆی بۆ شه‌ڕ ئاماده‌ ناكات.

ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ 19/9/2017 له‌ كاتی كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ میدیاكارانی عێراق گووتی: "كاتێك قسه‌ له‌سه‌ر  شه‌ڕی نێوان عه‌ره‌ب و كورد ده‌كرێت، واتا دۆڕانی هه‌مووان، نامانه‌وێت بچینه‌ ناو ئه‌و ململانییه‌وه‌، ئێمه‌ سته‌مكار نیین و نامانه‌وێت رابكێشرێنه‌ ناو ئه‌و دۆخه‌، به‌ڵكو ده‌رگاكانمان بۆ هه‌موو جۆره‌ گفتوگۆیه‌ك ده‌كه‌ینه‌وه‌".

عه‌بادی ته‌ئكیدیكردوووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و رۆژه‌ نایه‌ عێراقییه‌كان دژی یه‌كتری بجه‌نگن، به‌ڵكو هه‌مووان هاوبه‌شن له‌م نیشتمانه‌دا و حكومه‌ت سووره‌ له‌سه‌ر پاراستنی عێراقییه‌كان له‌ هه‌ر شوێنێكبن.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر سنوور له‌ یه‌ك لایه‌نه‌وه‌ بگۆڕدرێت، ده‌رگای خوێنڕشتن ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ رێككه‌وتن و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین و له‌ بری ململانێ هاوكاری ده‌كه‌ین".

ئه‌و لێدوانانه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ كاتێكدایه‌، به‌رده‌وام له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كاندا، مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، داوا ده‌كات كه‌ به‌ زمانی هه‌ڕه‌شه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ كورد نه‌كرێت و ئێمه‌ به‌ گفتوگۆ و دانووستان و به‌ ئاشتی سنووره‌كان دیاری ده‌كه‌ین.

هه‌روه‌ها داوا له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات، رێز له‌ عه‌ره‌به‌كانی كوردستان بگرن و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ چه‌ند شوینێك ئه‌شكه‌نجه‌ی چه‌ند كوردێكی بێ ده‌سه‌ڵاتیشیاندا، وه‌ك ناوچه‌كانی كوت و به‌غدا، خه‌ڵكی كوردستان كاردانه‌وه‌ی خراپی نه‌بێت و رێز له‌ عه‌ره‌به‌كان بگرن و وه‌ك میوانێكی به‌رێز ته‌ماشایان بكه‌ن.

له‌ رابردووشدا گه‌لی كوردستان له‌ هه‌موو ئه‌و سه‌ربازانه‌ی عێراقی خۆشبوو كه‌ به‌شدارییان له‌ پرۆسه‌كانی ئه‌نفالدا كردبوو و له‌ راپه‌ڕینی ساڵی 1991 هه‌موویان نارده‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان و نه‌یانهێشت كه‌س ئازاریان بدات. بارزانی به‌رده‌وام ئه‌و لیبورده‌یی و به‌خشنده‌ییه‌ی كورد بیردێنێته‌وه‌و داوا ده‌كات، به‌و به‌ها به‌ نرخه‌ مرۆڤانه‌وه‌ په‌یوه‌ستبن.