ژنە شەڕڤانێك چیرۆكی تەقاندنەوەی تانكێكی توركیا دەگێڕێتەوە

"لە تانك و تۆپی توركیا ناترسین"

K24 - ھەولێر

لە سەرەتای ھێرشی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین، تا ئێستا ژمارەیەك تانك و زرێپۆشی توركیا لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە تەقێندراونەتەوە، یەكێك لەو تانكانەش لەلایەن ژنە شەڕڤانێك بەناوی دەلیلا ئاگری، تەقێندرایەوە، ئەو بە شانازیەوە باس لەو چالاكییە دەكات و رایدەگەیەنێت، دەبێ بەم چالاكیانە بە دووژمنان بڵێین كورد كێیە.

لەم گرتە ڤیدیۆیە كە یەپەگە بڵاوی كردووەتەوە دەلیلا ئاگری دەڵێت: "ماوەیەكە بەشداریم لە بەخودانی عەفرین كردووە و دژی سوپای توركیا وەستاوین، كە یەكیكە لە بەرخودانە مەزنەكان، بۆ رێگریكردن لە ھێرشی توركیا بۆسەر عەفرین لە گوندی مسكێ چالاكییەكمان ئەنجامدا و تانێكێكمان تەقاندەوە و شكستمان بە ھێرشی توركیا ھێنا".

دەلیلا ئاگری، دەشڵێت: "دەمانەوێت بەم جۆرە چالاكیانە بە دوومنان بڵێین كە دژی ئێمە شەڕ نەكەن، بزانن كورد كێیە، دەبێ شەڕی عەفرین ببێتە كۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی ئەردۆغان، ئەوەی كردوومانە كەمە و چالاكی زیاتر و گەورەتر دەكەین".

ئەو ژنە شەڕڤانە دەڵێ: "لە عەفرین شەڕی تەكنیك دەكەین و شەڕی سەنگەر نییە، بەڵام ئێمە لە تانك و تۆپی توركیا ناترسین و ئیرادەمان بەھێزە".

دەلیلا گوتیشی: "بەبۆنەی 8 مارس رۆژی جیھانی ژنان، ئەو چالاكییەمان پێشكەش بەو ژنانە دەكەم كە كراونەتە قوربانی و جەستەیان سوتاوە".

راشیگەیاند: "تا گەل لەپشت ئێمە بێت ئامادەین لە ھەرچوار پارچەی كوردستان دژی دووژمنانی كورد شەڕ بكەین".

ھ.م