ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێم داواى جێبه‌جێكردنى ياساى خانه‌نشينى عێراقى ده‌كات

داواى كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانانی بەرپرسە حزبییەكان ده‌كرێت

K24 – هه‌ولێر:

دەستەی دەستپاكی هه‌رێمى كوردستان، نامەیەكی تایبەت بە گەڕانەوەی پرۆژە یاسای خانەنشینان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ناردووه‌ و تێيدا داوای لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، یاسای خانەنشینی عێراقی لە ھەرێمی كوردستان جێبەجێبكرێت، ناردنی ئەم نامەیە لەلایەن دەستەی دەستپاكی ھەرێمی كوردستانەوە دوای كۆبوونەوەیان دێت لەگەڵ كۆمەڵێك له‌ رێكخراوەكانی مەدەنييه‌كانى ھەرێمی كوردستان و تاوتوێكردنی ماددەی سێی یاسای خانەنشینی تايبه‌ت به‌ پلە تایبەتەكان.

لەھەموو لایەكه‌وه‌ ھەوڵدەدرێت، ماددەی سێ لە یاسای خانەنشینانی پلە تایبەت دەستكاری بكرێت و یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق جێبەجێبكرێت. بۆ ئەم مەبەستە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لەگەڵ دەستەی دەستپاكی ھەرێمی كوردستان لە گفتوگۆدان و ژماره‌يه‌ك داواكارییان پێشكەش بە دەستەكە كردووه‌.

ماددەی سێ لە یاسای خانەنشینانی پلە تایبەتەكان، كە بڕی 2 ملیۆن دینار تا چوار ملیۆن دینار بۆ پەرلەمانتارانی تێدا پەسندكرابوو بەبێ رەچاوكردنی تەمەن، كاردانەوەی لە ناو خەڵكدا درووستكرد و دژی پەسندكردنی ئەو یاسایە وەستانەوە.

ئێستا نامەیەكی دەستەی دەستپاكی كە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لەخۆدەگرێت، لای ده‌سته‌ى سەرۆكایەتی پەرلەمانە.

جگە لە گۆڕینی ئەم یاسایە، رێكخراوەكانی كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و دەستەی دەستپاكی لەسەر چەند خاڵێكی دیكە رێككەوتوون تا ئاراستەی پەرلەمان بكرێت و كاری لەسەر بكرێ. لەوانە  گرتنە بەری رێككاری پێویست لە بواری سەربازیدا  و كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانانی بەرپرسە حزبییەكان، خاڵێكی دیكە ھاندان و فشارخستنە سەر حكومەتە تا ئەو یاسایانەی لە پەرلەماندا دەردەچن جێبەجێبكرێن.

ئ.ر