هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كۆتایی به‌ ئه‌ركی هێزه‌ پیاده‌كانی له‌عێراق هێنا

برێت مه‌كگۆرگ: هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ قۆناغی دوای داعشیش گرنگی به‌ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق ده‌دات

K24- هه‌ولێر:

هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش، كۆتاییهاتنی ئه‌ركی هێزه‌ پیاده‌كانیان له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی دژ به‌ داعش له‌ عێراق راگه‌یاند.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا هێزی هاوپه‌یمانان رایگه‌یاند: "كۆتاییهاتنی ئه‌ركی فه‌رمانده‌یی هێزه‌ پیاده‌كانیان له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كاندا، ئاماژه‌یێكه‌ بۆ كۆتاییهاتنی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی دژ به‌ چه‌كدارانی داعش له‌ عێراق، هاوكات راگه‌یاندنی گۆڕانكارییه‌ له‌ په‌یكه‌ر و به‌رپرسیارێتی هێزی هاوپه‌یمانان".

هه‌روه‌ها له‌ به‌یاننامه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیدا هاتووه‌، فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان یارمه‌تی زۆری پێشكه‌ش به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق كردووه‌ و، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا 4 ملیۆن و 500 هه‌زار هاووڵاتی عێراقی رگاركرد، كه‌ كه‌وتبوونه‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش.

له‌مباره‌شه‌وه‌ برێت مه‌كگۆرگ، نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ هاوپه‌یمانی دژ به‌ داعش له‌ تویتێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر دووپاتیكرده‌وه‌، "هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ 75 وڵات تێیدا ئه‌ندامن، له‌ قۆناغی دوای داعشیش گرنگی به‌ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق ده‌دات".

دوای ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌یلولی ساڵی 2014 چه‌كدارانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر عێراق و سێیه‌كی خاكی ئه‌و وڵاته‌یان داگیركرد، كه‌ ئه‌و كات نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بوو، ژماره‌یه‌ك وڵات له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، بڕیاری پێكهێنانی هێزێكی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌و رێكخراوه‌یاندا و، ماوه‌ی نزیكه‌ی 4 ساڵه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ عێراق و سووریا به‌رده‌وامن.

H.B