هه‌سه‌ده شه‌ڕی داعشی ده‌ستپێكرده‌وه
هاوپه‌یمانان هاوكارییان ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 1/5/2018 هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی "هه‌سه‌ده" رایگه‌یاند: "بۆ كۆنترۆڵكردنی ئه‌و ناوچانه‌ی دیكه‌ی پارێزگای دێره‌زوور كه هێشتا له‌ژیر كۆنترۆڵی داعشدان، شه‌ڕ ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه".
هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی كه له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له‌و شه‌ڕه‌دا پاڵپشتی ده‌كرێن، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕی دژی داعشیان راگه‌یاند، پاش ئه‌وه‌ی له چه‌ند مانگی رابردوودا به‌هۆی هێرشی سوپای توركیا و میلیشیاكانی سووریا كه شه‌ڕ بۆ ئه‌نقه‌ره ده‌كه‌ن شه‌ڕیان دژی داعش راگرتبوو.
ئه‌حمه‌د ئه‌بو خه‌وله فه‌رمانداری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازی دیره‌زوور گووتی: "ئۆپه‌راسیۆنی رۆژهه‌ڵاتی رووباری فورات به‌هاوكاریی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نیوده‌وڵه‌تی دژی داعش ده‌ستپێده‌كات".
ده‌رباره‌ی شه‌ڕی نێوان هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی و سوپای سووریا ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد، ئه‌وان ھێرش ناكه‌نه سه‌ر هیچ هێزێك و ته‌نها به‌رگریی له خۆیان ده‌كه‌ن".
ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی رۆژهه‌ڵاتی رووباری فورات له 9/9/2017 ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام به‌هۆی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین و داگیركردنی شاره‌كه راگیرابوو.