قه‌رزێكی 50 ملیۆن دیناری ده‌درێته‌ هاووڵاتیان

هه‌یكه‌لی نهۆمی دووه‌می خانوویش ده‌گرێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

بانكی رافیده‌ینی عێراقی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 23/6/2018 رایگه‌یاند: "ره‌زامه‌ندی دراوه‌ قه‌رز بدرێته‌ هاووڵاتیان بۆ ئه‌وه‌ی خانووی پێ درووست بكه‌ن و خانووه‌كانیانی پێ ته‌واو بكه‌ن.

به‌گوێره‌ی راگه‌یێنراوێكی بانكه‌كه‌، هه‌یكه‌لی خانووی سه‌رگیراویش ده‌گرێته‌وه‌ و مه‌رجیشه‌ رووبه‌ری زه‌وییه‌كه‌ له‌ 50 مه‌تر كه‌متر نه‌بێت.

ئۆفیسی راگه‌یاندنی بانكی رافیده‌ین له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌: "به‌مه‌به‌ستی سووكردنی باری سه‌رشانی هاووڵاتیان و ئاسانكاریی وه‌رگرتنی قه‌رز، بڕیاردراوه‌ هه‌یكه‌لی نهۆمی دووه‌می خانوویش ئه‌گه‌ر سه‌ری گیرابێت قه‌بووڵ بكرێت، به‌ڵام ته‌نها گوژمه‌ی دووه‌م و سێیه‌می قه‌رزه‌كه‌یان ده‌درێتێ".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، بڕی قه‌رزه‌كه‌ 50 ملیۆن دیناره‌، رووبه‌ری ئه‌و زه‌وییه‌شی خانووه‌كه‌ی له‌سه‌ر درووست ده‌كرێت نابێت له‌ 50 مه‌تر كه‌متر بێت.

به‌ڵام بانكه‌كه‌ روونكردنه‌وه‌ی زیاتری نه‌داوه‌ ئایا هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌ یان ته‌نها بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراقه‌.