ره‌وشی كاكه‌ییه‌كان لە كەركووك نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی نیگه‌ران كردووه‌

جێگری سەرۆكی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق لە سەردانەكەی بۆ كۆمه‌ڵگەی كاكەییەكان، پێی راگەیاندوون ھەوڵ دەدەن ئەو كێشانەیان چارەسەر بكەن

K24 - هه‌ولێر:

نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی بارودۆخی كوردە كاكەییەكانە لە كەركووك و دەوروبەری, كاكەییەكان وەك لە ریپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی پێدراوە، زۆربەیان چۆڵ كراون و كاكەییەكان بە نەتەوە یەكگرتووەكانیان راگەیاندووە، كە سەرەكیترین كێشەی ئەوان نەبوونی ئاسایش و پارێزراويیە.

جێگری سەرۆكی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق لە سەردانەكەی بۆ كۆمه‌ڵگەی كاكەییەكان، پێی راگەیاندوون ھەوڵ دەدەن ئەو كێشانەیان چارەسەر بكەن.

بارودۆخی دوای داعش و 16 ی ئۆكتۆبەر، بۆ كورد بە گشتی و كوردە كاكەییەكان لە كەركووك و دەوروبەری لە خراپترین ئاستی دایە, زۆربەی دێھاتەكانیان چۆڵكردوون و باوەڕ و متمانەش بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ھێزه‌ ناكوردییەكان ناكەن.

ئەوە كاریگه‌ريی نەك تەنھا لەسەر خۆیان, بەڵكو لەسەر رەوشی ئابووری ناوچەكە و كەركووكیش بەگشتی ھەیە, لە سەردانێكی فەرمی، جێگری نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق، نیگه‌رانی خۆی بۆ رەوشی كاكەییەكان دەربڕی.

ئالیس وۆڵپۆڵ، جێگری نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق, ده‌ڵێت: "یەكێك لەو كێشانەی كاكەییەكان جەختی لێ دەكەنەوە، نەبوونی ئاساییش و پارێزراوی ئەوانە, ھەر ئەوە ھۆكارەش وایكردووە دێھات و كێڵگەكانیان جێبھێڵن, ئێمە لەگەڵ حكوومەت و پۆلیسی فیدڕاڵي قسە دەكەین، ئێمە دەزانین كە بارودۆخەكە لە تەواوی كەركوك ھەمان كێشە ھەیە. من دەمەوێت وەك نەتەوە یەكگرتووەكان چ رۆڵێكمان ھەبێت لە دابینكردنی ئاساییش بۆیان."

سەردار فەتاح ئاغا، كەسایەتی دیاری كاكەییەكانيش ده‌ڵێت: "دوای 2014 رەوشی كاكەییەكان خراپتر بووە، دێھات ھەیە بە تەواوی خاپوور بووە، مەینەتی كاكەییەكان لە پارێزگەی نەینەواش بەھەمان شێوەیە...  تا ئێستا ئەوە بارودۆخی ئێمەیە، داوا لە حكومەت دەكەین بتوانێت ناوچەكانمان بپارێزێت... دێھات ھەیە لە كەركوك داقوق دوای 2014 و لەم دواییە چۆڵ كراوون."

لە كێشە مەزنەكانی كوردە  كاكەییەكان لە پارێزگەی كەركووك، نەبوونی ئاساییش و پارێزراوییە، ئەوان بەردەوام لە لایەن داعش و گرووپە توندڕۆكان دەكرێنە ئامانج. ئێستاش ناوچەكانیان وەك چۆلەوانی لێھاتووە... ماڵ و قوتابخانە و ناوەندە ئایینی و فەرھەنگییەكان بێ چاودێرین.

ا. م

Fly Erbil Advertisment