عێراق فه‌یسبووكی داخست
بۆ كپكردنه‌وه‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان
K24 - هه‌ولێر:
به‌هۆی خۆپیشاندانی پارێزگاكانی باشووری وڵات، حكوومه‌تی عێراق تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكی داخستووه و ئێستا به‌كارهێنه‌ران ناتوانن ئه‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه بكه‌نه‌وه و به‌كاریبهێنن، هاوكات له هه‌رێمی كوردستانیش ناكرێته‌وه.
له‌گه‌ڵ داخستنی فه‌یسبووك، ئه‌پی ئینستاگرامیش له‌سه‌ر مۆبایل نابێته‌وه، كه له‌لایه‌ن كۆمپانیای فهیسبووكهوه خاوه‌ندارێتی ده‌كرێت، بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو ئه‌په‌ش له‌سه‌ر مۆبایل، فیلته‌رشكێن كه (ڤی پی ئێن)ی پێده‌گوترێت به‌كارده‌هێنرێت.
به گوێره‌ی راپۆرته میدیاییه‌كان، خۆپیشاندانه‌كان ئێستا په‌ره‌ی سه‌ندووه و له شه‌ش پارێزگای عێراق، به‌سڕه، میسان، كه‌ربه‌لا، نه‌جه‌ف، زیقار و بابل به‌ڕێوه‌ده‌چن، به‌رده‌وامیش وێنه و گرته‌ی ڤیدیۆیی خۆپیشاندانه‌كان، له رێگه‌ی ئه‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بڵاوده‌كرانه‌وه.
له باشووری عێراق خۆپیشاندان به‌رده‌وامه و ئێستا داواكاری خۆپیشانده‌ران له‌و شه‌ش پارێزگایه گۆڕاوه و ته‌نها داوای خزمه‌تگوزاری زیاتر و ئاو و كاره‌با ناكه‌ن، به‌ڵكو ئێستا داواكارییان ده‌ست له كاركێشانه‌وه‌ی حكوومه‌ته خۆجێییه‌كانه.
دوێنێش خۆپیشانده‌ران له پارێزگای میسان هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا، له نه‌جه‌فیش فڕۆكه‌خانه‌یان كۆنتڕۆڵكرد و باره‌گاكانی حزبی ده‌عوه‌ی نووری مالیكی و میلیشیاكانی عه‌سائیبی ئههلولحهقیان سووتاند.
ا. م