شه‌ڕی چه‌كداری له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و میلیشیاكان روویدا
قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ له 3 پارێزگای عێراق راگه‌یه‌ندرا
K24- هه‌ولێر:
ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆیان له هه‌ریه‌ك له پارێزگاكانی نه‌جه‌ف، كه‌ربه‌لا و به‌سره راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی میلیشیاكانی گروپه چه‌كداره‌كان و هێزه ئه‌منییه‌كان توندوتیژییان به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران ئه‌نجامدا و به‌چه‌ك رووبه‌ڕوویان بوونه‌وه.
ئه‌مشه‌و له هه‌ریه‌ك له شاره‌كانی به‌سره، دیوانییه، زیقار، میسان، نه‌جه‌ف، كه‌ربه‌لا، واست و بابل به‌هه‌زاران كه‌س رژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای مافه‌كانیان له خزمه‌تگوزاری و كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاری له حكوومه‌ت كرد.
به‌گوێره‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كیش، ئێستا خۆپیشاندانه‌كان بۆ شه‌ڕی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه گۆڕاون و خۆپیشانده‌ران هه‌وڵ ده‌ده‌ن له سه‌رانسه‌ری ئه‌و شارانه بچنه ناو باره‌گا حیزبی و حكوومییه‌كان.
له‌مچوارچێوه‌یه‌شدا له شاری نه‌جه‌ف 2 خۆپیشانده‌ر به گوللـه‌ی گروپی "عه‌سائیب ئه‌هلول حه‌ق" كوژران، كه به‌نیاز بوون بچنه ناو باره‌گای ئه‌و گروپه.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، وێڕای بڕینی كاره‌با و پچڕاندنی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و هێلی ئینته‌رنێت له‌سه‌ر خه‌ڵكی نه‌جه‌ف و راگه‌یاندنی قه‌ده‌غی هاتووچۆ، هه‌روه‌ها هێزه‌كانی پۆلیس ده‌ستیان به داخستنی دوكان و شوێنه بازرگانییه‌كانی ئه‌و شاره‌ش كردووه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه له شاری كه‌ربه‌لاش دوای چه‌ند كاتژمێرێك له به‌رگریكردنی هێزه ئه‌منییه‌كان، دواجار خۆپیشانده‌ران هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر بینایه‌ی پارێزگا و توانییان بچنه ناویه‌وه.
له شاری به‌سره‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌منی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆیان راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران چوونه ناو باره‌گاكانی رێكخراوی به‌در له ناوچه‌ی حه‌ده‌س له‌و پارێزگایه و سووتاندیان.
به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی سكای نیوز عه‌ره‌بییه، دوای ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران ویستوویانه بچنه ناو باره‌گاكانی رێكخراوی به‌دری سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی، كه له‌لایه‌ن هادی عامرییه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، میلیشیاكانی ئه‌و رێكخراوه ده‌ستڕێژی گوللـه‌یان كردۆته سه‌ر خۆپیشانده‌ران و 4 خۆپیشانده‌ریان بریندار كرد، كه برینی هه‌ندێكیان سه‌خته.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه كه‌ناڵی دیجله بڵاویكرده‌وه، له پارێزگای میسانیش كاتێك خۆپیشانده‌ران ویستوویانه بچنه ناو بینایه‌ی پارێزگا و باره‌گا حزبییه‌كان، چه‌كدارانی گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هێرشیان كردۆته سه‌ر خۆپیشانده‌ران و، له‌ئه‌نجامدا چه‌ندین كه‌س له هه‌ردوولا بریندار بوونه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ژماره‌یان بزانرێت.
H.B