ئایا دەزانیت نووسینی سەر بۆنەکەت مانای چییە؟

نووسینەکان کاتی مانەوە و خەستی بۆنەکە دیاری دەکەن

K24 – هه‌ولێر:

بۆنکردنی ئەو شووشە بۆنەی دەتەوێت بیکڕیت بەس نییە بۆ ئەوەی بۆنێک بکڕیت کە بەدوایدا دەگەڕێیت، بەڵکو دەبێت چەند جۆرێک نووسینی جیاوازی سەر شووشەکەش بخوێنیتەوە کە هەر یەکەیان ئاماژەیە بۆ جۆر و ماوەی مانەوەی بۆنەکە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی، لە هەواڵێکیدا نووسینە گرنگەکانی سەر شووشەی بۆنەکان رووندەکاتەوە، کە بەم جۆرەی خوارەوەیە.

Pure Perfume, Parfum or Extrait De Parfum

گەر ئەم ناوانەت لەسەر شووشەی بۆنەکە بینی ئەوا مانای وایە ئەو بۆنە تەواو خەستە و 15% بۆ 30% رۆنی بۆنەکەی تێدایە. بە واتایەکی دیکە، ئەگەری زۆرە کە تەواوی رۆژەکە بۆنەکە بمێنێتەوە.

(Eau de Parfum (EDP

ئەم ناوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بۆنەکە تەواوی رۆژەکە لەگەڵت دەمێنێتەوە بەڵام جیاواز لە جۆری پێشوو، کەمتر خەستە. بۆ نموونە ئەگەر باوەش بە کەسێکدا بکەیت، بۆنەکەت بۆ جلو بەرگی ئەو کەسە ناگوازرێتەوە، یاخود ئەگەر کەسێک زۆر لەگەڵت دانیشت بەهۆی تیژی بۆنەکەت سەر ئێشەی بۆ دروست نابێت.  15% بۆ 20% رۆنی بۆنەکەی تێدایە.

(Eau de Toilette (EDT

تەنها 5% بۆ 15% رۆنی بۆنەکەی تێدایە، واتە بۆنێکی تیژ و خەست نییە. رەنگە ئەگەر بەیانیان بەکاری بهێنی، تاکو دەمەو ئێوارە بمێنێتەوە.

Eau de Cologne

بۆنێکی تەواو سوکە و 2% بۆ 4% گیراوەی رۆنی بۆنەکەی تێدایە، تەنها چەند کاتژمێرێک دەمێنێتەوە.

Eau Fraiche

ئەم بۆنە تەنها 1% بۆ 3% رۆنی بۆنەکەی تێدایە و جیاوازی لەگەڵ Eau de Cologne ئەوەیە کە بە هیچ جۆرێک کحوولی تێدانییە، بەڵکو بە زۆری لە ئاو دروست دەکرێت و زیاتر بۆ بۆنخۆشکردنێکی کاتی بەکاردێت.

  H.J