توڕه‌یی باشوور دانامركێته‌وه‌

له‌ نه‌جه‌ف و سه‌ماوه‌ 5 خۆپیشانده‌ر كوژراوه‌

K24 - هه‌ولێر:

لە نەجەف و سەماوە پێنج خۆپیشاندەر كوژران و لە بەسرەش ئاڵۆزی لە نێوان ھێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران دروست دەبێت.

لە كاتێكدا ھاتووچۆ لە ھەریەك لە پارێزگاكانی بەسڕە و نەجەف و كەربەلا قەدەخەبوو، بەڵام خۆپیشاندان لەو پارێزگایانە و شارەكانی دەورووبەریان بەردەوام بوو، خۆپیشاندەران دژبە كەمی خزمەتگوزاری و نەبوونی ئاوو و كارەبا لەسەر شەقامەكان كۆبوونەوە .

 بەپێی ئەو ئامارانەی لە میدیا عێراقییەكان بڵاوكراونەتەوە، تەنیا دوێنێ پێنج خۆپیشاندەر لە شارەكانی نەجەف و سەماوە كوژراون و دەیانی دیكەش بریندار بوون.

 لە پارێزگاكانی بەسرە و موسەنناش چوار خۆپیشاندەر كوژراون. لە بەسرە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا كردووە و ئاڵۆزی لەنێوان ھێزە ئەمنییەكان و  خۆپیشاندەراندا روویداوە، خۆپیشاندەران لەو شارە وێنەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانیان سووتاندووە، وەك تووڕەییەك بەرامبەر بەو دۆخەی لە عێراق دروست بووە.

لە شاری سەماوەش بارەگای ھەریەك لە پارتەكانی فەزیلە و دەعوە و رێكخراوی بەدر و بارەگای تەلەفزیۆنی سەماوە سووتێندراون.

میدیاكانی عێراق بڵاویان كردووەتەوە تەنها دوێنێ لە زیقار 50 خۆپیشاندەر بریندار بوونە  و بە گشتی ریژەی برینداره‌كان گەیشتووەیە 150 كەس.

چەند كۆمپانیایەكیش بەھۆی بارودۆخی ئەمنی و كۆنترۆڵكردنی فرۆكەخانەكە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بە فەرمی گەشتە ئاسمانییەكانیان وەستاندووه‌ بۆ فرۆكەخانەی نەجەف.