تره‌مپ و پوتین دیداره‌ كراوه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن

باسی دۆسێی سیخوڕیكردنیش ده‌كه‌ن

K24 هه‌ولێر:

دوای چەند رۆژێک لە گفتوگۆی تووند و کۆبوونەوەی بێ ئاکامی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەوروپای، ئەمڕۆ دووشەممە (07/16/2018) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا، لە هێلسینکی پایتەختی وڵاتی فینلەند کۆدەبنەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی هەواڵی بی بی سی، پێشتر ترەمپ لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە رایگەیاندبوو کە " پێشبینی هیچی گەورە ناکات"، تەنها ئەگەر هەیە "هەندێک شتی باش" رووبدات بەهۆی ئەو کۆبوونەوەیە.

بەڵام ترەمپ بەڵێنی داوە کە دۆسییەی سیخوریکردنی رووسیا لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لەگەڵ پوتین باسبکات کە بەهۆیانەوە چەند بەرپرسێکی ئەمەریکا داوایان لە دۆناڵد ترەمپ کردبوو دیدارەکەی لەگەڵ پوتین هەڵبوەشێنێتەوە.

لەبارەی ئەجێندای کۆبوونەوەکە

جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا، ئاشکرایکردووە، هەردوو سەرۆکانی ئەمەریکا و رووسیا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە دیدارەکە هیچ ئەنجێدا و بابەتێکی دیاریکراوی نەبێت.

بەڵام ئەو راوێژکارەی ئەمەریکا لە لیدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەی بی سی نەیشاردەوە کە ترەمپ نیازی هەیە باس لە سیخوریکردنی سەر ئەمەریکا لە لایەن رووسیاوە بکات.

لەبارەی تۆمەتی هاککردن لە لایەن رووسیاوە

حکوومەتی ئەمەریکا، رووسیا بەوە تۆمەتبار دەکات، لە ساڵی 2016، سەدان ئیمەیلی هیلاری کلینتن، سیاسی دیار و کاندیدی پێشووی سەرۆکایەتی ئەمەریکای هاککردووە.

هەروەها به‌ گوێرەی زانیارییەکانی ئەمەریکا، هاککەرە رووسەکان، لیژنەی نیشتیمانی پارتی دیموکراتەکان کە تایبەتە بە دیاریکردنی کاندیدەکانی هەڵبژاردن، هاککردووە و زانیاری نێو کۆمپیوتەرەکانیان دزە پێکردووە.

دوو رۆژ لەمەوبەر، رۆبێرت موەلێر، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی کەیسی سیخووری رووسیا بەسەر ئەمەریکاوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی ئاشکرایکرد کە ئەوان ناسنامەی 12 ئەفسەری دەزگای هەواڵگری رووسیایان دەستکەووتوە کە تێوەگلاون لە دزینی زانیاری تایبەتی 500 هەزار دەنگدەری ئەمەریکا.

کاردانەوەی ئەوروپا

ترەمپ پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی خراپە و چەندین تۆمەتی جۆراوجۆری خستوونەتە پاڵ. پێشتریش باجی لەسەر چەندین کاڵای هاوردەکراوی ئەوروپی بۆ ئەمەریکا زیادکردبوو.

سیاسییەکانی ئەوروپا ترسی ئەوەیان هەیە کە ترەمپ لەسەر حیسابی ئەوان رێککەوتن لەگەڵ پوتین بکات و بەرژەوەندی ئەوروپا بە تەواوی فەرامۆشبکات. لە ئەگەری روودانی ئەمەش، ئەوروپا باری ئاسایش و ئابووری دەکەوێتە مەترسییەوە.

H.J