باشوور توڕه‌یه‌ و متمانه‌ی به‌ به‌ڵێنه‌كانی حكوومه‌ت نییه‌

خۆپیشاندان به‌رده‌وامه‌ و قوربانییه‌كانی زیادبوون

K24 - هه‌ولێر:

خۆپیشاندان لە بەشێک لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش لە ئەنجامی تووندوتیژییەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، نزیکەی 260 کەس بوونەتە قوربانی، لەنێویشیاندا ژمارەیەک کارمەندی هێزە ئەمنییەکان هەن.

نزیکەی 7 پارێزگای باشوور و ناوەڕاستی عێراق خۆپیشاندان تێیاندا بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکانیش لە چەند رۆژی رابردوودا بەبیانووی پاراستنی ئەمنییەتی کارمەندانیان و بارەگا حکومییەکان چەکیان لە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە، کە ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

 هەرچەندە حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاندبوو، نابێت چەک لە دژی هاووڵاتییان بەکاربهێندرێت، بەڵام بەشێک لە خۆپیشاندەرانی بەسرە خۆپیشاندانەکەیان بە شۆرش دژی دەسەڵاتی ئێستای حکومەت و حزبەکان ناودەبەن. جەختیش دەکەنەوە، هێزە ئەمنییەکان هاوشێوەی راپەڕینی ساڵی 1991 بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکە رووبەڕوویان دەبنەوە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لەماوەی 8 رۆژی دەستپێکی خۆپیشاندانەکان، تاوەکو ئێستا 9 خۆپیشاندەر کوژراون و 250 کەسیش برینداربوون، کە بە گوتەی بەرپرسانی ئەمنی عێراق بەشێک لە بریندارەکان کارمەندی هێزە ئەمنییەکانن.

هەروەها لەسەرجەم ئەو پارێزگایانەی خۆپیشاندان تێیاندا ئەنجامدراوە، هێرشکراوەتە سەر 6 باڵەخانەی حکومی و بارەگای 5 لایەنی سیاسیش سووتێندراوە.

بەبڕوای چاودێرانی سیاسی، بەهۆی نەبوونی متمانەی خۆپیشاندەران بە بەڵێنەکانی حکومەت و لایەنە سیاسییەکان پێناچێت خۆپیشاندانەکان هێندە بە ئاسانی کۆتاییان بێت، هۆشداریش دەدەن، لە ئەگەری بەدەنگەوەنەهاتنی حکومەت بۆ داواکاری خۆپیشاندەران، خۆپیشاندان تەواوی پارێزگاکانی عێراق بگرێتەوە.

چونكه‌ پارێزگای بەسرە، کە یەکێکە لە پارێزگا دەوڵەمەندەکانی عێراق و بەشێکی زۆری نەوتی عێراق لەو پارێزگایە هەناردەی دەرەوە دەکرێت، بەڵام دانیشتوانەکەی بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنن و ئێستا کێشەی بێ کارەبایی و ئاوی خواردنەوە لە پارێزگای بەسرە سەری هەڵداوە.

بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی پارێزگاش، رێژەی هەژاری لە بەسرە 50% یە و  لەنێو ئەو رێژەیەشدا 500 هەزار کەس لەژێر هێڵی هەژاریدان.

لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نەیانتوانیوە وەکو پێویست خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ دانیشتوانی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دابینبکەن، لەگەڵ دەستبەکاربوونی هەر کابینەیەکی نوێی حکومەتیش چەندین بەڵێن دراون و بودجەی زەبەڵاحیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تەرخانکراوە.

پارێزگای بەسرە، کە یەکێکە لە پارێزگا دەوڵەمەندەکانی ئەو وڵاتە و بەشێکی زۆری نەوتی عێراق لەو پارێزگایە هەناردەی دەرەوە دەکرێت، کەچی دانیشتوانەکەی بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنن.

نەبوونی کارەبای پێویست و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هۆکارێکی سەرەکی دەستپێکردنی خۆپیشاندانی چەند رۆژی رابردووی ئەو پارێزگایە بوو، لەسەردەمی حکومڕانێتی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بڕی 41 ملیار دۆلار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لەو پارێزگایە تەرخانکراوە، بەڵام نەوەک کێشەی کارەبا چارەسەر نەکراوە، بەڵکو بڕی ئەو کاتژمێرە کارەبایەی بە هاووڵاتییان دەدرا کەمتربووەوە.

بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراق، بەسرە پێویستی بە بڕی 3000 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام دوای بڕینی ئەو کارەبایەی لەلایەن ئێرانەوە رەوانەی عێراق دەکرا، ئێستا تەنیا 2 هەزار و 500 مێگاوات کارەبای هەیە، ئەمەش کێشەی بۆ پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە هاووڵاتییانی بەسرە دروستکردووە.

هەروەها کێشەی بێکاری، یەکێکی دیکەیە لە کێشە گەورەکانی پارێزگای بەسرە، بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ئەو پارێزگایە بێکارن و هیچ کارێک نییە بیکەن، لەکاتێکدا بەسرە بە پارێزگایەکی ئابووری و دەوڵەمەندی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت.

رێژەی بێکاری لە بەسرە 40% لەنێو ئەو ژمارەیەشدا 60% لە توێژی گەنجانن، بەتایبەت ئەو گەنجانەی زانکۆیان تەواوکردووە و خاوەن بڕوانامەن.

هەژاری، یەکێکی دیکەیە لە گرفتەکانی دانیشتوانی بەسرە کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەو پارێزگایە بەهۆی نەبوونی هیچ کارێک و دانەمەزراندنیان لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکان رووبەڕووی بوونەتەوە، چونکە کۆمپانیاکان دەستیکار لە دەرەوەی عێراق یاخود دەرەوەی پارێزگای بەسرە بۆکارکردن دەهێنن.

بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، رێژەی هەژاری لە بەسرە 50% لەنێو ئەو رێژەیەشدا 500 هەزار کەس لەژێر هێڵی هەژاری دان.

سەرەڕای بێکاری، نەبوونی ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ژیانی دانیشتوانی لەو پارێزگایە سەختکردووە، بەشێوەیەک هاووڵاتییان لەو برەپارەیەی مانگانە دەستیان دەکەوێت دەبێت بەشێکی زۆری بۆ کڕینی ئاوی خواردنەوە تەرخان بکەن.

هەرچەندە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، بەپەلە کار بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ دانیشتوانی بەسرە دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەو هەموو بەڵێنەی لەماوەی ساڵانی رابردوو پێیاندراوە و جێبەجێنەکراوە دانیشتوانی ئەو پارێزگایە ئامادەنین دەستبەرداری خۆپیشاندان و داواکردنی مافەکانیان بن.