عه‌بادی رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی توند ده‌بێته‌وه
ئاماری خۆپیشاندانه‌كانی عێراق راده‌گه‌یه‌ندرێت و تۆمه‌تی قوربانیانیش ده‌خرێته ئه‌ستۆی حكوومه‌ت
K24- هه‌ولێر:
عه‌لی به‌یاتی، ئه‌ندامی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ له عێراق ئاماری قوربانیانی چه‌ند رۆژی رابردووی خۆپیشاندانه‌كانی وڵاتی بڵاوكرده‌وه، كه زیاتر له هه‌فته‌یه‌كه شاره‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقیان ته‌نیوه.
به‌یاتی ئاشكرایكرد، له خۆپیشاندانه‌كانی كۆی شاره‌كانی به‌سره، موسه‌نا، زیقار، بابل، نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا 10 كه‌س كوژراون و نزیكه‌ی 220 كه‌سیش بریندار بوونه.
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، "ئه‌وانه‌ی خۆپیشاندانه‌كانیان بۆ توندوتیژی گۆڕی و ده‌ستیان به كاولكاری و خراپه‌كاری كرد، ئه‌وانه‌ن كه سه‌ر به حزبی ده‌سه‌ڵاتن و مه‌به‌ستیان كۆنترۆڵكردنی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌یه كه سه‌ره‌تا هه‌ڵگری په‌یامێكی ئاشتیانه بوون".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ داواشی له حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی كرد، پارێزگاری له خۆپیشانده‌ران بكات، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرد، "خۆپیشاندان مافێكی ده‌ستووری هاووڵاتیانه و پێویسته به‌گویره‌ی ماده‌ی 38 له ده‌ستووری عێراق جیاكاری له‌نێوان ئه‌و دوو لایه‌نانه‌دا بكرێت، كه یه‌كێكیان ئه‌جێندای ده‌ره‌كی له‌پشته‌وه‌یه و ئه‌وی دیكه‌شیان داوای مافه ره‌واكانی ده‌كات، كه‌چی به گوللـه وه‌ڵامده‌درێنه‌وه".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه خۆپیشانده‌ران و هاووڵاتیانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق دووپات ده‌كه‌نه‌وه، حكوومه‌تی عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی نه‌یتوانیوه له دابینكردنی خزمه‌تگوزاری و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاری له وڵات سه‌ركه‌وتوو بێت.
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه هاتووه، له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كانی شاری سلێمانی له هه‌رێمی كوردستان، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له تویتێكدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر و له پۆستێكیشدا له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له فه‌یسبووك، وه‌بیر هه‌رێمی كوردستانی ده‌هێنایه‌وه، كه خۆپیشاندان مافێكی ده‌ستووری هاووڵاتیانه و پێویسته رێز له مافه‌كانیان بگیرێت و پاراستنیان له ئه‌ستۆی هێزه ئه‌منییه‌كانه.

ئێستاش ئه‌و پۆست و تویتانه‌ی عه‌بادی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌نگیداوه‌ته‌وه و، چالاكوانانی تۆڕه‌كان له‌سه‌ر ئاستێكی فراوان ده‌می ره‌خنه و كۆمێنته‌كانیان له حه‌یده‌ر عه‌بادی كردووه و ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا هێزه عێراقییه‌كان به‌گوللـه رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌رانی باشوور و ناوه‌ڕاست ده‌بنه‌وه و تائێستا به‌ده‌یان كه‌س بوونه‌ته قوربانی، ئه‌ی چۆن عه‌بادی ئامۆژگاری كوردی ده‌كرد، كه خۆی ناتوانێت پابه‌ندی ئه‌و ئامۆژگاریانه بێت.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی له شاره‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق داوای باشكردنی خزمه‌تگوزاری و كردنه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كار له حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن، له‌لایه‌ن میلیشیاكان و هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه به چه‌ك وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه، له به‌رامبه‌ریشدا خۆپیشانده‌ران ده‌ستیان به سووتاندنی فه‌رمانگه‌ی ئیداری و باره‌گای حزبی و داخستنی رێگا سه‌ره‌كییه‌كان كردووه. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا به ده‌یان كه‌س له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستگیركراون.
H.B