ئێران ئەمەریکا دەداتە دادگای نێودەوڵەتی
سەردانکردنی ئەوروپاش سوودی نەبوو
K24- ههولێر:
ئێران پەنا بۆ دادگای نێودەوڵەتی دەبات تاکو "کارە نایاساییەکانی" ئەمەریکا بەرامبەر بە تاران بوەستنێنێت و سزاکانی واشنتن بێ بەها بکات.
مەحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر سەبارەت بە پەنا بردن بەر دادگای نێودەوڵەتی نووسیویەتی: "بۆ بەرپرسیارکردنی ئەمەریکا بەرامبەر بە کارە نایاساییەکانی و گەڕانەوەی تاکلایەنەی سزاکان، ئێران بە یاسا رووبەڕووی ئەمەریکا دەبێتەوە".
لە ئایاری ئەمساڵدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بڕیاریدا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران بکشێتەوە و جارێکی دیکە سزاکانی سەر تاران بگەڕێنێتەوە.
پەنابردن بۆ دادگای نێودەوڵەتی لە دوای ئەوە دێت، ئێران پێشتر هەوڵیدا لە رێگای پەیوەندییەکانی لەگەل ئەوروپا، ئەمەریکا لەو بڕیارەی پاشگەز بکاتەوە، بەڵام کۆشکی سپی رەتیکردەوە گوێ لە ئەوروپییەکانیش بگرێت و سوورە لەسەر ئەوەی "سزایەکی کەم وێنە" بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.
H.J