ئێران هۆكارى نه‌فرۆشتنى ته‌زووى كاره‌باى به‌ عێراق ئاشكرا كرد

پێدانى كاره‌با به‌ عێراق راگيراوه‌

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زيرى وزه‌ى كۆمارى ئيسلامى ئێران هۆكارى پچڕاندنى كاره‌باى له‌سه‌ر پارێزگاكانى باشوورى عێراق ئاشكرا كرد.

ره‌زا ئه‌ردكانيان، وه‌زيرى وزه‌ى ئێران، رايگه‌ياند، له‌سه‌ر بنه‌ماى رێككه‌وتنى نێوان تاران و به‌غدا و بۆ دابينكردنى پێداويستى شاره‌كانى ئێران، پێدانى كاره‌با به‌ عێراق راگيراوه‌.

گوتيشى: "رێككه‌وتنى ناردنى وزه‌ى كاره‌با بۆ عێراق واده‌ى بۆ دياريكرابوو، كاتێكيش وڵاتى نێره‌ر خۆى پێويستى پێى هه‌بێت، ده‌بێت سه‌ره‌تا پێويستييه‌كانى خۆى دابين بكات ئينجا بيفرۆشێت".

روونيشيكرده‌وه‌، له‌ وه‌رزى هاويندا عێراق پێويستييه‌كى زۆرى به‌ كاره‌با هه‌يه‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا وه‌زيرى كاره‌باى عێراق سه‌ردانى ئێرانى كردووه‌.

به‌ هۆى دابين نه‌كردنى بڕى پێويستى كاره‌با بۆ دانيشتوانى پارێزگاكانى باشوورى عێراق، هاووڵاتيان خۆپيشاندانى ناڕه‌زاييان ئه‌نجامدا.

پچڕانى ته‌زووى كاره‌با له‌ لايه‌ن ئێرانه‌وه‌ و نه‌ناردنى بۆ عێراق بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى قه‌يرانى كاره‌با له‌ عێراق زياتر بێت.

سه‌رچاوه‌: ميهرنيوز

ئ.ر