لە خۆپێشاندانەكانی عێراق 8 كەس كوژران

"زیاتر لە 250 كارمەندی دەزگا ئەمنییەكان بریندارن"

K24 - ھەولێر

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق 8 كەس لە خۆپێشاندانەكانی ئەم دواییەی باشووری عێراق كوژراون.

سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماری كوژراو و بریندارانی خۆپێشاندانەكانی بڵاوكردەوە و ئاشكرای كرد: "لە خۆپێشانفدانەكاندا 8 كوژراو و 56 بریندران".

روونیكردەوە: "دوو كوژراو لە بەسرە و دووی دیكەش لەنەجەف، سێ كوژراو لە سەماوە، كوژراوێك لە كەربەلا"..

ھاوكات یەحیا رەسول گوتەبێژی ناوەندی میدیای ئەمنی عێراقیش رایگەیاند، 260 ئەندامی ھێزە ئەمنییەكان لەكاتی رووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ خۆپێشاندەران برینداربوون.

لە 8 ئەم مانگە خۆپێشاندانەكانی خەڵكی باشووری عێراق لە بەسرە دەستیپێكرد و دواتر 6 پارێزگای دیكەی گرتەوە. خۆپێشاندەران داوای خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و یەكسانی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت دەكەن.

ھ.م