به وێنه.. هه‌ر سێ هاوسه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی پاكستان ببینه
یه‌كێك دیندار، یه‌ك ملیاردێر، یه‌كێك بێژه‌ر

K24 - هه‌ولێر:
پێده‌چێت عیمران خان، سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی پاكستان، نه‌ك هه‌ر ته‌نها له گۆڕه‌پانی یارییه‌كه‌ی خۆی، كه كریتیكه، لێهاتوو بێت، به‌ڵكو له ژیانی سیاسه‌تیش سه‌ركه‌وتنی به ده‌ستهێناوه و له ژیانی تایبه‌تیش له سیاسه‌توان و كه‌سانی دیكه جیاوازه.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی "العربیة"، عیمران خان سێ جار هاوسه‌رگیری كردووه، به‌ر له‌وه‌ی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ سێیه‌م ژن‌دا بكات، به‌هیچ شێوه‌یه‌كی شێوه‌ی رووخساری نه‌بینیبوو، چونكه حیجاب و نیقابه و به ده‌گمه‌ن رووخساری ده‌رده‌خات، له كاتی رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونیشی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران له 18ی ئاب/ ئۆگستۆسی ئه‌مساڵ، "بوشرا مانجا" به جلێكی سپی نیقاب و حیجابه‌وه ده‌ركه‌وته‌وه، ئه‌وه‌ش سه‌رنجی ته‌واوی میدیاكانی ئه‌و وڵاته‌ی بۆ لای خۆی راكێشا.
.jpg)
بوشرا ته‌مه‌نی 40 ساڵه و له مانگی شوبات/ فێبرایه‌ری ئه‌مساڵ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ عیمران خاندا كردووه، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ژنه چل ساڵییه، ره‌زامه‌ندی هه‌ر پێنج كوڕه‌كه‌ی وه‌رگرتووه كه له هاوسه‌ری یه‌كه‌می هه‌یه‌تی و ئه‌ویش به‌رپرسی ده‌سته‌ی گومرگه‌كان بووه له ئیسلام ئاباد.
ئه‌و ژنه كه زۆرجاریش به "بوشرا بی بی" ناوده‌برێت، له هۆزی "مانجا"ی ناوچه‌ی به‌نجابی پاكستانه و یه‌كێكه هۆزه دیاره‌كانی ناوچه‌كه.
پێشتر عیمران خان، بۆ رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یلی به‌ریتانیا رایگه‌یاندبوو، تا دوای هاوسه‌رگیری رووخساری بوشرای نه‌بینیوه، ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه، كه هاوسه‌ری سێیه‌می سه‌ر به یه‌كێك له ته‌ریقه‌ته سۆفیگه‌رییه‌كانی پاكستانه.
.jpg)
هاوسه‌رگیری دووه‌م، كه خان به "گه‌وره‌ترین هه‌ڵه"ی ژیانی خۆی وه‌سفی ده‌كات، ئه‌ویش پێكهێنانی هاوسه‌رگیرییه له‌گه‌ڵ بێژه‌رێكی كه‌شوهه‌وای كه‌ناڵی بی بی سی به‌ریتانی، به‌ناوی "ریحام خان".
عیمران خان ئه‌و هاوسه‌رگیرییه به شكستخواردووترین هاوسه‌رگیری داده‌نێت و رایگه‌یاندووه، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی كردووه، هه‌روه‌ها ته‌مه‌نی هاوسه‌رگیریشیان نزیكه‌ی 10 مانگی خایاندووه، كه له 6ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2015 هاوسه‌رگیریان كردووه و له تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری هه‌مان ساڵ جیابوونه‌ته‌وه.
ریحان هاووڵاتینامه‌ی به‌ریتانی هه‌یه و له‌دایكبووی 1973ی شاری ئه‌جدابیای لیبیایه، كچی پزیشكێكی پاكستانیه به‌ناو "ره‌مه‌زان نهیر".
هه‌رچه‌نده ریحان، له كتێبێكدا كه به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی پاكستان بڵاویكرده‌وه، ره‌خنه‌ی توندی له عیمران خانی هاوسه‌ری پێشووی گرت، به‌ڵام سه‌رۆكی "بزووتنه‌وه‌ی ویژدان - حركة الإنصاف"، سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا.
.jpg)
هه‌رچی هاوسه‌ری یه‌كه‌می خانه، ناوی جیمیمایه كچی جه‌یمس گۆلدسمیسه، كه گهورهبازرگانێكی به‌ریتانی بوو، له 16ی ئایار/ مایۆی 1995 هاوسه‌رگیرییان كرد، ئه‌وكات جیمیما ته‌مه‌نی 20 ساڵ بوو، خان‌یش 40 ساڵی ته‌واو كردبوو.
دواتر هاوسه‌ره‌كه‌ی بووه ئیسلام و بۆ ژیان گه‌ڕایه‌وه پاكستان، دوای ئه‌وه‌ی عیمران خان ده‌ستی به چالاكی سیاسی كرد و پارته‌كه‌ی خۆی دامه‌زراند، ئه‌ویش كۆمپانیایه‌كی بازرگانی دامه‌زراند.
هاوسه‌رگیری خان و جیمیما نۆ ساڵی خایاند و له ساڵی 2004 له یه‌ك جیابوونه‌وه، كه خاوه‌نی دوو كوڕ بوون به‌ناوه‌كانی سلێمان و قاسم.
عیمران خان، كه له 18ی ئابه‌وه سه‌رۆك وه‌زیرانی پاكستانه و به‌ڵێنی زۆری به خه‌ڵكداوه، ئێستا ته‌نها له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری سێیه‌می، كه بوشرایه، له پاكستان ده‌ژین.
ا. م