كەسوكاری شەھیدان 25ی ئەیلوول بە جەژنی نەتەوەیی دەزانن
"بۆ ئەوە قوربانیمانداوە كە كوردستان سەربەخۆ بێت"
K24 - سلێمانی
دواى تێپەرێنى ساڵێك بەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کەسوکارى شەهیدان رۆژى ئەنجامدانى ریفراندۆم بە جەژنێکى نەتەوەیەتى دەزانن و دەخوازن ریفراندۆم بکرێتە دەروازەیەك بۆ بەدیهێنانى خەونى سەربەخۆیی کوردستان.
لە شۆرشەکانى کورددا ژنان توانیویانە رۆڵێکى دیاریان هەبێت هەم وەك پێشمەرگەیە و هەمیش وەك دایک و هاوسەر بۆ پاڵپشتى پێشمەرگەکانى کوردستان لە قوناخە جیاوازەکانى خەباتى میللەتى کورد بۆ بەدەستهێنانى سەربەخۆیی. جگە لەوەى ژنان توانیویانە لە رووى کارگێرى و سیاسییشەوە رۆڵی كاریگەریان هەبێت.
شیلان شێخ جەعفەر، یەكێكە لە كچە شەھیدەكانی كوردستان، ئێستا لە ناوەندەكانی سیاسی و كارگێڕی درێژە بە خەباتی باوكی و شەھیدانی دیكەی كوردستان دەدات، ئەو دەڵێ: "بە درێژایی مێژوو ئافرەتانی كورد رۆڵی بەرچاو و گرنگیان ھەبووە، لە خەبات و قوربانبیدان و دەستكەوتەكانی ھەرێمی كوردستان".
ھەروەھا هێرش نورى شەریف، كە باوكی لەپێناو رزگاری و سەربەخۆیی كوردستان گیانی بەخشیووە، رۆژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بە جەژنی نەتەوەیی دەزانێت و دەڵێت: "من تەمەنم ساڵێك بوو كە باوكم شەھیدبوو، دوای دوومانگ برایەكی دیكەم لە دایكبوو، بۆیە 25ی ئەیلوولی 2017، رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ ئێمە جەژنی نەتەوەییە و لەو رۆژەدا گوتمان بەڵێ بۆسەربەخۆیی".
یەكێكی دیكە لە كوڕە شەھیدەكانی كوردستان بەناوی هیوا دێگەڵى، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "ھەموومان بۆ ئەوە پێشمەرگایەتیمان كردووە و قوربانیمانداوە كە رۆژێك بێت بە ئامانجەكانمان بگەین، كە سەرەكیترینیان سەربەخۆییە. ریفراندۆمی سەربەخۆیی رۆژێكی مێژووییە و وەك تاپۆیەك وایە لە گیرفانی كورد و كوردستان".
ھ.م