ئێران به مووشه‌كبارانكردنی داعش له سووریا په‌یامێك ده‌داته ئه‌مه‌ریكا
"له‌داهاتوودا قۆناغه‌كانی دیكه‌ش جێبه‌جێ ده‌كه‌ین"
K24- هه‌ولێر:
محه‌مه‌د باقری، سوپاسالاری ئێران دووپاتیكرده‌وه، یه‌كه‌م قۆناغی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و هێرشه‌یان به‌ئه‌نجام گه‌یاند، كه له شاری ئه‌هواز كرایه سه‌ر نمایشی سه‌ربازی سوپای پاسدارانی وڵاته‌كه‌ی و گوتیشی: "له‌داهاتوودا قۆناغه‌كانی دیكه‌ش جێبه‌جێ ده‌كه‌ین".
باقری ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "مووشه‌كه‌كانی سوپای پاسداران توانییان ئه‌و ناوچه‌یه‌ی رۆژهه‌ڵاتی فورات بپێكێنن كه چه‌كدارانی داعش تێیدا بڵاوبوونه‌ته‌وه و له نزیك ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی سوپای ئه‌مه‌ریكایه"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆئه‌وه‌ی كه تاران نه‌ك ته‌نیا چه‌كدارانی داعش، به‌ڵكو ده‌توانێت به مووشه‌كه‌كانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش له‌ناو خاكی سووریا بكاته ئامانج.
ئه‌و به‌رپرسه سه‌ربازییه‌ی ئێران گوتی: "بۆ یه‌كه‌م جاره فڕۆكه بێفڕۆكهوانهكانمان مه‌ودای ئه‌و دوورییه زۆره ببڕن و ئه‌ركه‌كانیان له پێكاندنی ئامانجه‌كانیان به سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام بده‌ن".
باقری دووپاتیكرده‌وه، "مووشه‌كه بالیستییه‌كانی ئێران به وردی بینایه بچووكه‌كانی پێكاندووه و زیانی زۆری به رێكخراوی داعش گه‌یاندووه، له‌و هێرشه‌دا ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی ئه‌و رێكخراوه‌یان كوشتووه".
ئه‌مڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، له‌چوارچێوه‌ی پلانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له هێرشه‌كه‌ی مانگی رابردووی شاری ئه‌هواز بۆ سه‌ر نمایشه سه‌ربازییه‌كه‌ی سوپای پاسداران، هێرشێكی مووشه‌كیی بالیستییان بۆ سه‌ر چه‌كدارانی داعش له ناوچه‌ی ئه‌لبوكه‌مالی رۆژهه‌لاتی فورات له‌ناو خاكی سووریا ئه‌نجامدا.
له مانگی رابردوودا، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هێرشی سه‌ر نمایشێكی سه‌ربازی سوپای پاسدارانی ئێرانیان كرد له شاری ئه‌هوازی باشووری رۆژئاوای ئه‌و وڵاته و له ئه‌نجامدا به‌ده‌یان كه‌س له ریزی پاسداران و هاووڵاتیانی سڤیل كوژران و برینداربوون، هه‌رچه‌نده بزووتنه‌وه‌ی ئازادكردنی ئه‌هواز به‌رپرسیارێتی خۆی له‌و هێرشه راگه‌یاند، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هێرشه‌كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه ئه‌نجامدراوه و ده‌ستی هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا، سعوودییه، ئیسرائیل و ئیماراتی له‌پشت بووه و به‌ڵێنی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یاندا.
H.B