له رۆژئاواى كوردستان "نهفير عام" راگه‌يه‌ندرا
به مه‌به‌ستى ئاماده‌كارى بۆ به‌رگرتن له له‌شكركێشى سوپاى توركيا
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌نجوومه‌نى راپه‌ڕاندنى ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى له باكوور و رۆژهه‌ڵاتى سووريا "نهفير عام"ى راگه‌ياند، به مه‌به‌ستى ئاماده‌كارى بۆ به‌رگرتن له له‌شكركێشى سوپاى توركيا و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان.
له به‌ياننامه‌يه‌كدا ئه‌نجوومه‌نه‌كه، وێڕاى ئيدانه‌كردنى هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌ردۆغان كه به "دوژمنكارانه" وه‌سفيكردوون رايگه‌ياند، "ئه‌ردۆغان هه‌ر له سه‌ره‌تاى قه‌يرانى سوورياوه ده‌يه‌وێت به‌شێك له خاكى سووريا داببڕێت و بيلكێنێت به توركياوه و هه‌وڵى ئه‌وه ده‌دات سنوورى ميساقى ميللى عوسمانى بگێڕێته‌وه".
هه‌روه‌ها هاتووه: "ئه‌ردۆغان ئامانجى ته‌نيا باكوور و رۆژهه‌ڵاتى سووريا نييه، به‌ڵكو ئامانجى له‌تكردنى خاكى سووريايه. ئه‌مه‌ش له كاتێكدايه داعش له دێرزوور له گيانهڵادايه و له‌و رێگه‌يه‌وه ئه‌ردۆغان ده‌يه‌وێت به داگيركردنى سووريا بارگرانى سه‌ر داعش كه‌مبكاته‌وه و ته‌مه‌نى ئه‌و رێكخراوه تيرۆريستييه درێژ بكاته‌وه".
له به‌شێكى ديكه‌ى به‌ياننامه‌كه‌دا هاتووه: "ئامانجى توركيا تێكدانى پێكهاته‌ى ژيانى كۆمه‌ڵايه‌تى سووريا و به‌يه‌كه‌وه ژيان و برايه‌تى نێوان پێكهاته‌كانى سووريايه و ئه‌و لێدوانه دوژمنكاريانهى بۆ لێدانى ئه‌و دهستكهوتانهيه كه له شه‌ڕى دژ به داعش به‌ده‌ستهاتوون و هه‌روه‌ها ده‌يه‌وێت ئاسايش و ئارامى گه‌له‌كه‌مان له سووريا و رۆژهه‌ڵاتى فورات له‌ناو به‌رێت".
ئيداره‌ى خۆ به‌ڕێوبه‌رى راشيگه‌ياندووه، "ئێمه داوا له كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له سه‌روويانه‌وه نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كه‌ين، كه هه‌ڵوێستێكى جدى دژى ئه‌و پيلانه دوژمنكاريانهى ئه‌ردۆغان بگرنه به‌ر چونكه دژى هه‌موو ياسايهكى نێوده‌وڵه‌تين".
ئه‌نجوومه‌نى راپه‌ڕاندنى ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى له باكوور و رۆژهه‌ڵاتى سووريا داواشى له حكومه‌تى سووريا كردووه، هه‌ڵوێستێكى ره‌سمى دژى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى ئه‌ردۆغان هه‌بێت چونكه ئه‌ردۆغان ده‌يه‌وێت به‌شێك له سووريا داگير بكات و ئه‌مه‌ش ده‌ستدرێژييه بۆ سه‌ر سه‌روه‌رى سووريا.
داواشى له هێزه ديموكراسيخوازهكانى ناوچه‌كه و جيهان كردووه، له‌گه‌ڵ ئيراده‌ى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌دا بن و وه‌ك چۆن دژى داعش هاوكاريان كردن، به‌و جۆره‌ش دژى ئه‌و شه‌ڕه كۆمهڵكوژييهى ئه‌ردۆغان له دژيان رايگه‌ياندووه، بێنه ده‌نگ و پشتيوانيان لێ بكه‌ن.
دوێنێ سه‌رۆكى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، رايگه‌ياند، سوپاى وڵاته‌كه‌ى له چه‌ند رۆژى داهاتوودا له‌شكركێشى بۆ سه‌ر ناوچه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى فورات ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام هێزه ئه‌مه‌ريكاييه‌كان ناكاته ئامانج.
سه‌رچاوه: روسيااليوم
ئ.ر