هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە کۆدەبنەوە
وەزیری نەوتی عێراق باس لە نەوتی کەرکووک دەکات
K24 – ههولێر:
هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی نەوت و بودجە کۆدەبنەوە.
سامر عەباس غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە: "بەغداد بەم نزیکانە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قسەکردن لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم و رێککەوتنی بودجە کۆدەبێتەوە".
راشیگەیاند: "هەوڵەکانیان دەستپێکردووە تاکو هەناردەی نەوتی کەرکووک بە رێژەی 50% زیاد بکەن".
پێشتر ئەو وەزیرەی عێراق رایگەیاندبوو، ئەگەر پێویست بکات، عێراق دەتوانێت رۆژانە شەش ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات.
بەهۆی سزاکانی سەر ئێران، خواست لەسەر نەوت لە جیهاندا زیادبووە چونکە ئەو وڵاتانەی پشتیان بە نەوتی ئێران بەستبوو، ناچارکراون بە دوای سەرچاوەی دیکەدا بگەڕێن، عێراقیش وەک ئەندامێکی رێکخراوی ئۆپیک، دەتوانێت سوود لەم دۆخە ببینێت.
H.J