له په‌رله‌مانی عێراق كێشه بۆ ده‌ركردنی به‌شێك له یاساكان درووست ده‌كرێت
به‌رهه‌ڵستی به یاسا كردنی مافه‌كانی كورد ده‌كه‌ن
K24- سلێمانی:
خه‌ریكه گرێ كۆنه‌كه‌ی نێوان ھەوڵێر و بەغدا بەرەو کرانەوە ده‌ڕوات, ھەندێك لە كێشه‌كانی نێوانیان بە گوێرەی دەستوور دەبوایە لە ١٤ ساڵی ڕابردوودا مادە یاساییەکانیان لە پەرلەمانی عێراقەوە تێپەڕێندرایە و بەشێکیان بکرابانه یاسا, بەڵام هه‌میشه لایه‌نه عێراقییه‌كان له‌مپه‌ریان خستووه‌ته سه‌ر رێگه‌ی تێپه‌ڕاندنیان, پەرلەمانتارێكیش ھۆکاری بەشێك لەڕیگرییەکان بۆ ڕێکنەخستنی نیو مالی کورد دەگەڕێنیتەوە و بەپێویستی دەزانێت، کورد لەبەغدا یەك دەنگ بێت، بۆ ئەوەی لەم خولەش رێگری له تێپه‌ڕاندنی یاساكان نه‌كرێت.
له‌مباره‌یه‌وه بەختیار شاوەیس، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندی به شرۆڤه‌ی ده‌ستوور و كێشه‌ی سیاسی نێوان هه‌ولێر و به‌غداوه هه‌یه، له هه‌مووشیان گرنگتر په‌یوه‌ندی به ئیداره‌دانی تاكڕهوانهوهی چه‌ند ساڵی رابردووه‌وه هه‌یه، به‌شێكی دیكه‌ش په‌یوه‌ندی به كه‌مته‌رخه‌می خودی ناوماڵی كورده‌وه هه‌یه.
لەم خوولەی ئێستا دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، تا ڕادەیەك ئەمەش وایکردووە، فشارەکان بۆ سەر عادل عەبدولمەھدی لە ناو پەرلەمان و ھەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی و بانگەشە بۆ سازکردنی خۆپیشاندان لەلایەن کوتلە عەرەبیەکانەوە بێنه ئاراوه، ئەمەش بە مەبەستی دروستکردنی گرفت بۆ کارەکانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، چونکە عەبدول مەھدی دەیەوێت پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا لە ئاستێکی باش‌دا بھێڵێتەوە, ئەمەش لەخولەکانی رابردوو بەدی نه‌ده‌کرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لایەنە عێراقیەکان ئەوەیان لاقورس بوو کە مافی کورد بە یاسا بچەسپێنرێت.
لای خۆشیه‌وه ئەشواق جاف، په‌رله‌مانتاری كور له خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: له خوله‌كانی رابردوو سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق بیرۆكه‌ی عێراقێكی یه‌كگرتووی فیدراڵییان ره‌ت ده‌كرده‌وه، زۆر جاریش كه پڕۆژه و پێشنیازی یاسا ده‌هاتنه ناو په‌رله‌مان، ده‌یانویست به‌جۆرێك تێپه‌ڕێنن، كه پێشێلكاری ده‌ستووری تێدا بكرێت.
بەمەبەستی تێپەڕاندنی ژمارەیەك پڕۆژە یاسا، پەرلەمانی عێراق تەمەنی ئەم وەرزەی بۆ مانگێك درێژکردووەتەوە، بڕیاریشە تا کۆتایی ئەم وەرزە بەشێك لە پڕۆژە یاساکان بكرێنه یاسا, کوردیش ھەوڵ بۆ ئەوە دەدات، زۆرترینیان ئەو مادانە بن کە بەرژەوەندیەکانی کورد له‌خۆ ده‌گرن.
H.B