دوو مووشەک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کران
"زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە"
K24 – ههولێر:
دوو مووشەكی جۆری کاتیۆشا لە نزیك باڵیۆزخانەی ئەمەریكا و مووشەكێكیش لە نزیك رووباری دیجلە لە بەغدا كەوتنە خوارەوە.
ئاژانسی ھەواڵی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنی عێراقییەوە بڵاوی كردووەتەوە، دوو مووشەكی كاتیۆشا، یەكێكیان لە نزیك باڵیۆزخانەی ئەمەریكا و یەكێكیشیان لە نێو ناوچەی سەوز كەوتوونەتە خوارەوە. ئاماژەی بەوەش كرد، مووشەكی سێیەم لە نزیك ناوچەی سەوز و لە دەورووبەری رووباری دیجلە کەوتووەتە خوارەوە.
وا بڵاوكراوەتەوە لە لەنێو باڵیۆزخانەی ئەمەریكا زەنگی ئاگاداركردنەوە لێدراوە و كارمەندان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ئەگەری نزیكبوونەوەی ئەو مووشەكانە.
تا ئێستا ھیچ لایەنیك بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئاراستەكردنی ئەو مووشەكانە رانەگەیاندووە و شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراقیش، كەوتنەخوارەوەی ئەو مووشەكانەی پشتڕاست كردووەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی ئاشکرا نەکردووە.
ئاراستەکردنی ئەو مووشەکانە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە بۆردومان کردنی سەربازگەکانی حەشدی شەعبی دەستیپێکردووەتەوە.
H.J