ژنه‌كه‌ی به‌رده‌م دادگا چۆن كوژرا؟
چۆن توندوتیژی دژی ژنان كه‌م ده‌كرێته‌وه

K24 - هه‌ولێر:
یه‌كه‌م رووداوی كوشتنی ژن له له‌لایه‌ن كه‌سوكاریه‌وه له مانگی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵدا له كوردستان له نزیك دادگای هه‌ولێر روویدا. له رووداوه‌كه‌دا، ژنێك به‌ناوی (ش)، له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه به فیشه‌ك ده‌كوژرێت و میدیاكانی كوردستانیش جارێكی دیكه وه‌ك هه‌واڵێكی دیكه‌ی رۆژانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.
رووداوه‌كه بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك تۆڕه كۆمه‌ڵاتيیه‌كانی ته‌نیه‌وه و وێنه‌ی قوربانيیه‌كه‌ش له میدیاكاندا بڵاوكرایه‌وه.
ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمانی هه‌رێمی كوردستانیش له راگه‌یندراوێكدا به‌توندی هۆشداری ده‌دات كه ده‌بێت رێكاری یاسایی و سزاكانی سه‌ر توندوتیژی دژ به‌ژنان توندتربكرێن و هه‌وڵی خێراتر بدرێت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه.
هاوكات داواش ده‌كات هاووڵاتیان و میدیا و به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵاتیه‌كان خۆیان به‌دوور بگرن له ته‌شهیری پێشوه‌خت و بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه وزانیاری نادرووستی پشت رووداوه‌كه.
(ش) قوربانییه‌كی دیكه‌ی تووندوتیژی دژی ژن
كاتژمێر 11ی پێش نیوه‌ڕۆی رۆژی 1ی ئه‌یلوول، به‌رده‌م دادگای هه‌ولێر، وەک رۆژانی ئاسایی نەبوو، كاتێك له‌پڕ هامۆشۆی سه‌ردانیه‌كه‌رانی ئه‌و دادگایه و ئۆتۆمبیله‌كانی سه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كه وه‌ستان، هه‌مووان له‌وێدا شۆكبوون به‌بیستنی دەنگی تەقاندنی 6 فیشەکی یه‌ك به‌دوای یه‌ك. دیمه‌نه‌كان له‌جووڵه‌وه بۆ وه‌ستانێكی خه‌مئامێز گۆڕان، كاتێك سێ له‌و كه‌سانه‌ی نزیكی رووداوه‌كه بوون، چاویان ده‌چێته سه‌ر ته‌رمی ژنێك و ده‌بینن خۆینه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م شۆسته‌ی به‌رده‌م دادگادا ده‌چۆڕێت.
هه‌ر زوو پۆلیس ده‌گاته شوێنی رووداوه‌كه و دواتریش تۆماتباره‌كه ده‌ستگیرده‌كه‌ن، پاشان زانیاری زیاتر سه‌باره‌ت به رووداوه‌كه و په‌یوه‌ندی نێوان قوربانی و تۆمه‌تباره‌كه ئاشكرا ده‌كه‌ن.
به‌گوێره‌ی لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی دادى و پۆلیس له‌شاری هه‌ولێر، (ش. ج)، كه خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی خه‌باتی سه‌ر به هه‌ولێره، له ساڵی 2010 له‌گه‌ڵ (ئ. ق) ئامۆزایدا هاوسه‌رگیری كردووه، بەڵام منداڵـیان نيیە. ساڵی 2017 كێشه ده‌كه‌وێته نێوان هەردوو هاه‌سه‌ره‌كه و هاموشۆی دادگا ده‌بێته به‌شێك له ژیانی رۆژانەیان؛ چیرۆکەکەش بە کوژرانی (ش) لە لایەن (ئ) تەواو دەبێت.
كوشتنی (ش) یه‌كێكه له ده‌یان رووداوی هاوشێوه كه ساڵانه له كوردستان تۆمارده‌كرێن. به گوێره‌ی دوایین ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی توندوتیژی دژ به‌ژنان له هه‌رێمی كوردستان، ته‌نها له 6 مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2019، 4 ژن كوژراوه 7 ژن خۆی كوشتووه و 10 سووتاوه و 9 ژنیش خۆیان سوتاندووه، هاوكات 895 سكاڵای ده‌ستدرێژی سێكسی هه‌بووه.
'سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه، پۆلیس بێده‌نگ بووه'
پارێزه‌ر و بریكاری ژنه كوژراوه‌كه، كه نه‌یویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات، باسی له‌وه‌كرد كه دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کێشە ده‌كه‌وێته نێوان (ش) و (ئ) و له ئه‌نجامدا دادگا ژنه‌كه سزا ده‌دات و بۆ ماوه‌ی ساڵێك و چوار مانگ زیندانی ده‌كات. دوای ئازادبوون، (ش) داوای جیابوونه‌وه له دادگا تۆمار ده‌كات، به‌ڵام داواكه‌ی ره‌تده‌كرێته‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیاريیه‌كانی پۆلیس و پارێزه‌ره‌كه‌ی (ش)، پێشتر هاوسه‌ره‌كه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكردووه و ئاماده‌نه‌بووه لێی جیاببێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كه‌یسه‌كه‌یان ده‌گوازرێته‌وه بۆ توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ چاره‌سه‌كردن و مانه‌وه‌یان پێكه‌وه.
ئاماره‌كانی جیهان و زانیاریيه‌كانیش له‌سه‌ر رووداوه‌كانی كوشتنی ژنان ئەوه پشتڕاستده‌كه‌نه‌وه كه زۆربه‌ی قوربانیه‌كان له‌لایه‌ن هاوسه‌ر و كه‌سوكاری خۆیانه‌وه ده‌كوژرێن. واته، هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له‌سه‌ر ژیانی ژنێك له‌لایه‌ن كه‌سێكی نزیكی خۆیه‌وه پرسێكی جددییه و ده‌بێت ده‌زگاكانی پۆلیس به هۆشیارییه‌و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.
سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر گیانی (ش)، یه‌كی مانگی ئه‌یلوول كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌ردووكیان له دادگای هه‌ولێر له‌گه‌ڵ توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی رێكده‌خرێت و هه‌ر ئه‌و رۆژه‌شه كه تۆمه‌تبار تاوانه‌كه ئه‌نجام ده‌دات.
لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی هه‌ولێر، ده‌ڵێت "ئافرەتە كوژراوەكە لە ساڵی 2017دا دەستگیركراوە لەسەر سكاڵای مێردە بكوژەكەی بە تۆمەتی خیانەتی زەوجی، لە قۆناغی لێكۆڵینەوە و دادگایی كردن‌دا دانی بە تاوانەكەی داناوە، دادگای كەتنی "خەبات" بە بڕیاری ژمارە 9/ك/2019 ساڵی 2018 بە پێی مادەی (377) بە سێ ساڵ زیندانیكردن سزای داوە".
بەهۆی سوودمەندبوونی (ش) لە یاسای لێبوردنی گشتی و (ئازادكردنی بە مەرج) تەنها ساڵێك و چوار مانگ لە زیندان بوو، لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا ئازادكرا. دوای ئازادكردنی ده‌نێردرێته ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێكراو، شێڵته‌ر و هه‌ر له‌وێ ده‌پارێزرێت تاكو باوك و مێردەكه‌ی بەڵێننامەیه‌ك واژۆ ده‌كه‌ن كە سەلامەتی گیانی بپارێزن. دوا به دوای ئه‌مه، ژنەكە دەگەڕێتەوە ماڵی باوكی لە گوندی "جمكە و بنبێرز" لە دەوروبەری شاری هەولێر.
داواكاری جیابوونه‌وه ڕه‌تده‌كرێته‌وه
پارێزه‌ر و بریكارداری (ش)، كه نه‌یوه‌ست ناوی ئاشكرابكرێت "ناوه‌كه‌ی لای ئێمه پارێزراوه" ئاشكرای ده‌كات، ئەوكاتەی (ش) لە زیندان بوو هەر ئەو کات لە دادگای باری كەسی خەبات، داوای جیابوونەوەی تۆماركردووە، بەڵام دادگای باری كەسی خەبات داواكەی رەتكردەوە.
دوای ئازادبوونی، (ش) دووبارە لە دادگای باری كەسیی هەولێر داوای جیابوونەوەی تۆماركرد و ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه ئه‌و له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكراوه. پاش ئه‌وه‌ی دادگا به‌ڵگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌بینێت، كه‌یسه‌كه ده‌نێرێته لای توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌یان له یه‌كی مانگی ئه‌یلوولدا بۆ داده‌نێت. تۆمه‌تبار ده‌زانێت كه (ش) سه‌ردانی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی كردووه و له ده‌ره‌وه‌ی دادگای هه‌ولێر چاوه‌ڕوانی ئه‌و ده‌كات تاوه‌كو بێته ده‌ره‌وه و به ده‌مانچه بیكوژێت.
سۆزان كه‌ریم، چالاكوانی مافی مرۆڤ، هۆكاری یه‌كه‌می كێشه‌كه ده‌خاته ئه‌ستۆی باوكی كچه‌كه و هاوسه‌ره‌كه‌ی، ئینجا دادگا، كه نه‌یانتوانیوه ده‌ستی كچه‌كه بگرن و بیگه‌ڕێننه‌وه تا زوو كێشه‌كه‌ی چاره‌سەربكرێت.
ئه‌و چالاكوانه ده‌ڵێت: ''نه‌ده‌بوو گوێبیستی قسه‌یه‌كی وه‌ها له‌باوكی بین، ئه‌وه‌ش هه‌مدیس په‌نابردنه به‌ر كڕینه‌وه‌ی به‌ناو (شه‌ڕه‌ف) له‌رێگه‌ی كۆتاییهێنان به‌ژیانی ژنه‌وه.''
ئه‌و وه‌ك ئاماژه‌یه‌كیش بۆ پشتگیری قسه‌كانی ده‌ڵێت: "برای (ش) به‌هاواره‌وه ده‌یگوت خوشكه‌كه‌م كێشه‌ی نه‌بوو، به‌ڵكو پیاوه‌كه‌ی له‌گه‌ڵی خراپ بوو."
دادوه‌ر ئۆمێد موحسین، گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری هه‌رێم، ده‌ڵێت: "دادگا جگه له جێبه‌جێكردنی یاسا وه‌ك خۆی، هاوكات رێككاره‌كان بۆ پاراستنی قودسیه‌ت و هه‌یبه‌تی دادگا ده‌گرێته‌به‌ر". ئه‌و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ''پرسی زۆربوونی به‌كارهێنه‌رانی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت و زاڵبوونی نه‌ریته كۆمه‌ڵاتیيه‌كان هۆكارگه‌لی رووداوی له‌و جۆره‌ن،'' داواش ده‌كات ''خه‌ڵك له‌كاتی كێشه و گرفته‌كانیان په‌نا بۆ دادگا ببه‌ن، دادگا دادپه‌روه‌ریی هه‌مووان ده‌پارێزێت.''
شوان سابیر گه‌ردی، یاساناس و چالاكوانی مه‌ده‌نی، ده‌ڵێت: ''ئه‌نجامدانی تاوانێكی له‌و شێوه‌یه له‌به‌رده‌م دادگا، شكاندنی هه‌یبه‌تی دادگایه و واده‌كات خه‌ڵك له دادگا و حوكمی دادگا نه‌ترسن.''
ئه‌و یاساناسه ئاماژه به‌وه ده‌كات، دوو بڕیاری هه‌ر دوو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و یاسادانان هه‌یه، ئه‌وانیش لێبوردنی گشتیی و لێبوردنی تایبه‌ته، كه وا ده‌كات تاوانبار ماوه‌ی به‌ندكردنی ته‌واو نه‌كات و له‌حوكمی دادگا و مانه‌وه‌ی زۆری له‌زیندان نه‌ترسێت.
سابیر ئاشكرای ده‌كات كه ''كۆمه‌ڵێك نه‌ریت و ئادابی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه له سه‌رووی یاساوه‌ن، كاتێك مرۆڤێك هه‌ڵه ده‌كات ئه‌حكامی كۆمه‌ڵگه‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێده‌كرێ، خه‌ڵك هه‌بووه حوكمی وه‌رگرتووه و سزای خۆی بینیوه، كاتێك هاتووه‌ته ده‌ر كوژراوه''.
ئه‌و یاساناسه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه روونی ده‌كاته‌وه: ''ده‌بێت چه‌ك له كۆمه‌ڵگه دابماڵدرێت، سزاكان توند بكرێن و سزای هه‌تا هه‌تایی جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی لێبوردن نه‌مێنێ و خه‌ڵك هۆشیاربكرێته‌وه كه دووربكه‌وێته‌وه له‌هه‌ڕه‌شه و په‌نابردنه به‌ر دادگاش بكرێته كولتوور''.
نه‌شمیل كه‌ریم، ئه‌ندامی بۆردی به‌ره‌نگاری توندوتیژی خێزانی له یه‌كێتیی ژنانی كوردستان، ده‌ڵێت: "سه‌ره‌ڕای ده‌رچوونی چه‌ندین یاسا و رێككاری توند له‌سه‌ر ئه‌و پرسه، به‌ڵام هێشتا رێژه‌ی توندوتیژی كه‌م نه‌بووه‌ته‌وه، بگره زیادیشی كردووه".
ئه‌و چالاكوانه هۆكاری زیادبوونی ئه‌و رێژه‌یه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ جێبه‌جێنه‌كردنی یاساكان وه‌ك خۆی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: ''تا تاوانباران داڵده‌بدرێن و سوڵحی عه‌شایرییان بۆ بكرێت، پرسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه ناچێته پێشه‌وه.''
'دابونه‌ریت و كولتوور هۆكارن'
توێژه‌ران باس له هۆكاری قووڵی كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له پشت ئه‌م رووداوانەوە ده‌كه‌ن.
توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و چالاكوانی مافه‌كانی ژنان، هێژا غه‌فوور، ده‌ڵێت: ''هۆكاره‌كانی زاڵبوونی پیاوسالاریی و گه‌ڕانه‌وه بۆ پاراستنی عه‌شیره‌ت و عه‌شیره‌تگه‌ريی، هۆكارگه‌لی سه‌ربه‌خۆنه‌بوونی ژن له‌رووی ئابووری و كۆمه‌ڵاتيیه‌وه، هۆكاری كوشتنی ژنانن''.
توێژه‌ری ده‌روونی، ته‌نیا به‌دره‌دین، یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی ئه‌و رووداوه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه و شێوازی په‌روه‌رده‌ی پێشوه‌خت و مامه‌ڵه‌ی خێزان.
ئه‌و ده‌ڵێت: ''به‌پێی ئه‌وه‌ی (ش) هێشتا بچووكه و له‌ته‌مه‌نێكی بچو‌وكیش به‌شوو دراوه، تووشی جۆرێك له نامۆیی و ته‌نهایی بووه، كه ئه‌مه‌ش سه‌رده‌كێشێت بۆ كرداری هه‌ڵه، له‌كاتێكیشدا كه‌س هاوكار و پاڵپشتی نه‌بوو، ئه‌و بووه‌ته قوربانی ئه‌و دۆخه.''
ئه‌گه‌ر ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه به‌سه‌ر تۆمه‌تباردا ساغ بێته‌وه، ئه‌وا به‌پێی یاسای سزادانی عێراقی ساڵی 1969 به مادده‌ی 406 سزا ده‌درێت کە ناوەڕۆکەکەی بریتيیە لە كوشتنی پلان بۆ دارێژراو و به ئه‌نقه‌ست، سزاکەشی له‌سێداره‌دانه، هه‌رچه‌نده گه‌یاندنی تاوانباران به سزای خۆیان هه‌نگاوێكی گرنگی دادوه‌رییه، به‌ڵام چاره‌سه‌ر و هه‌وڵی رێگرتن له تاوانی هاوشێوه چه‌ندین هێنده گرنگترە.
ژیانی (ش) ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی تووندوتیژی دژی ژنان، ده‌بێته هۆی پاراستی ژیانی چه‌ندین كه‌سی وه‌ك ئه‌و.
* راپۆرته‌كه له‌لایه‌ن رۆژنامه‌وانی تایبه‌تمه‌ند (به‌هره گه‌ردی) ئاماده كراوه.