ئەمەریکا: گەمارۆکانی سەر ئێران هەمان کاریگەری جەنگی هەبووە
ئێران: گەمارۆکان بەشی تەندروستی و دەرمانیشی گرتووەتەوە
K24 – ههولێر:
وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا دەڵێت، گوشارەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران کاریگەری هەبووە و دەشڵێ گەمارۆکانیان لە جێگەی شەڕ هەڵبژاردووە.
ستیڤن منۆچن وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە پەراوێزی نۆزدەیەمین کۆربەندی دەوحە لە قەتەر رایگەیاند، ئەمریکا توانیوییەتی بە گەمارۆ و سزاکانی تواناکانی ئێران بە پشتیوانیکردن لە تیرۆر کەم بکاتەوە.
منۆچن دەشلێت، ئەگەر ئێران هەموو مەرجەکانی ئەمەریکا قبووڵ بکات، واشنتن گەمارۆکانی سەری هەڵدەگرێت.
بەگوتەی وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا گەمارۆکانی ئیستای وڵاتەکەی لەسەر ئێران جێگەی شەڕی گرتووەتەوە.
بە گووتەی عەباس موسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، گەمارۆکانی ئەمەریکا بەشی تەندروستی و دەرمانیشی گرتووەتەوە. موسەوی دەڵێت، ئەمریکییەکان بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گەمارۆکان دەرمان و خۆراکی نەگرتووەتەوە، بەڵام ئێستا رێگەی هاوردەکردنی هەردووکیان بۆ ئێران راگیراوە.
سزاکانی سەر ئێران، کاریگەری زۆری لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە دروست کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی داهاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی سزاکان کەمیکردووە و جووڵەی بازرگانیش لاواز بووە.
H.J