ئه‌نقه‌ره‌ چاوی بڕیوه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ ئابوورییه‌كانی لیبیا

بۆ فراوانكردنی هه‌ژموونی سیاسی و سەربازی

K24 – هه‌ولێر:

تورکیا هەموو تواناکانی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ فراوانكردنی هه‌ژموونی سیاسی و سەربازی بۆ سه‌ر لیبیا و شارەزایان دەڵێن ئەو هەوڵە مەبەستی ئابووری لە پشتە و ئەنقەرە چاوی بڕیوەتە سەر سه‌رچاوه‌ ئابوورییه‌كانی لیبیا کە لە کاتی کۆنترۆڵکردنیدا بۆی دەگەڕێتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکیا، وەبەرهێنانە گەورەکانی تورکیا لە لیبیا دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکانی سەدەی رابردوو، کە بەر لە قەیرانەکان بۆ ترۆپکی هەڵکشا بوو، دوای لادانی معه‌مەر قەزافی لە دەسەڵات تورکیا زەرەرمەند بوو، بەو هۆیەوە وەبەرهێنانەکانی تورکیا وەستان و دووچاری زیانی گەورە بوونەوە. 

ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بەوە داوە، بەڵێندەرە تورکەکان چەندین پڕۆژەیان لە ژێرخانی ئابووری و باڵاخانە لە لیبیا لە حەفتاکان ئەنجامداوە، کاتێک بەڵێندەرە تورکەکان لە ساڵی 1972 روویان لەو وڵاتە کرد، لەمیانیدا کۆمپانیای STFA تورکی بەندەری تەرابلوسی دامەزراند.

هاوکات لەو رۆژنامە تورکیەدا هاتووە: دوای رووداوەکانی ساڵی 2011، ئەو قەیرانەی بەرۆکی لیبییەکانی گرتووە، سەرجەم پڕۆژەکان وەستاون و بەو هۆیەوە بەڵێندەرە تورکەکان زیانی گەورەیان پێکەوتووە، هاوکات بنکەکانیشیان لە لیبیا لە ناوبردراوە و نەیانتوانیووە قه‌ره‌بووش وەربگرنەوە.

مەدحەت ینگین سەرۆکی سەندیکای بەڵێندەرانی تورکیا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ رایگەیاندبوو، کۆمپانیاکانیان ناچاربوون لیبیا جێبهێڵن، کە بەهۆیەوە 25 هەزار کرێکاری تورک بە ناچاری بۆ وڵاتەکەیان گەڕاونەتەوە، سەرەڕای ئەوەش کۆمپانیا تورکیەکان کرێ و بیمە و قەرەبووی کرێکارەکان دەکەنەوە.

کۆی گشتی ده‌ستهه‌قی کەڵەکەبووەکانی تورکیا ملیارێک دۆلارە، سەرەڕای ملیارێک و 700 ملیۆن لە چەکی بانکی، ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلار لە زیانی ئامێر و کۆگاکان.

یگین دەڵێت، بەڵێندەرە تورکەکان ساڵانە 50 ملیۆن دۆلار وەک چەکی بانکی دەدەنەوە کە زیانی گەورەیانی پێگەیاندووە.

بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو زیانانەش کە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێندرێت، تورکیا چاوی لەوەیە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە وڵاتەکە.

لە رۆژنامەی دەیلی سەباحدا هاتووە: بەڵێندەرە تورکەکان خاوەنداری پڕۆژەیان دەکرد لە وڵاتەکە کە بەهاکەی نزیکەی 28.9 ملیار دۆلار بوو، کە ئەوەش ئامانجی سەرەکی پاڵپشتی تورکیایە لە حکوومەتەکەی سەراج.