یەكەم ئۆتۆمبێلی كارەبایی توركی دەكەوێتە بازاڕەوە
ئامانجیەتی ساڵانە 175 ھەزار ئۆتۆمبێلی كارەبایی بەرھەمبھێنێت
K24 - ھەولێر
توركیا پەردەی لەسەر یەكەم ئۆتۆمبێلی كارەبایی دروستكراوی ناوخۆ لابرد و قەبارەی پڕۆژەكەش بە نزیكەی 4 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. لە مەراسیمەكەشدا سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، كە ژمارەیەكی كەمی وڵاتان ھەن لە جیھاندا بتوانن ئەم ھەنگاوە بنێن و ئامانجیانە ئەو پڕۆژەیە ببێتە بڕاندێكی جیھانی و بە وڵاتانی دیكە بناسرێت و بەگوێرەی بڕیارێكی فەرمی، پڕۆژەكە سوودێكی بەرچاو لە پاڵپشتی حكومی وەردەگرێت كە خۆی لە بەخشینی پێناسی گومرگی دەگرێتەوە.
توركیا ئامانجیەتی ساڵانە نزیكەی 175 ھەزار ئۆتۆمبێلی كارەبایی بەرھەمبھێنێت، ئەویش لە رێگەی پڕۆژەیەكەوە كە پێشبینیدەكرێت تێچووەكەی لە ماوەی 13 ساڵی داھاتوودا بگاتە 3 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "وڵاتەكەمان لە رێگەی پڕۆژەی ئۆتۆمبێلی كارەباییەوە و وێستگەكانی باركردن و پێداویستییەكانی دیكەش ئامادەدەكەین، ژمارەیەكی زۆری كەمی وڵاتان ھەن لە جیھاندا كە بتوانن ئەم ھەنگاوە بنێن، دەتوانم بڵێم كە توركیا بەم ھەنگاوەی پێشكەوتنی خۆی نیشانی سەرتاسەری جیھان دەدات، ئامانجی توركیا لەو پڕۆژەیە تەنیا بۆ ئەوە نییە كە پێداویستی ناوخۆی پێ پڕبكرێتەوە، بەڵكو دەمانەوێت ببینە بڕاندێكی جیھانی و پڕۆژەكە بە وڵاتان بناسێنین، ئێمە كاتێك دەیسەلمێنین كە ئامانجی خۆمان بەتەواوی پێكاوە، كە ئۆتۆمبێلە كارەباییەكەمان لەسەر شەقامەكانی وڵاتانی جیھان دەبینین".
لە مەراسیمەكەدا و دوای لێدوانەكەی سەرۆكی وڵاتەكە، ئۆتۆمبێلەكان نیشانی ئامادەبووان درا، كە ھەڵگری بڕاندی تۆگن و بڕیارە دامەزراوەیەك بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێلەكە لە بۆرسەی باكووری رۆژئاوای وڵاتەكە دروستبكرێت، بەو پێییەی كە بە ناوەندێكی پیشەسازی ئۆتۆمبێل ھەژماردەكرێت.
ژێرخانی باركردنی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكە لەسەر ئاستی وڵاتەكە بۆ 2022 ئامادە دەبێت و بەگوێرەی بڕیارێكی فەرمی توركیاوە، پڕۆژەكە سوودێكی بەرچاو لە پاڵپشتی حكوومی وەردەگرێت كە خۆی لە بەخشینی پێناسی گومرگی دەگرێتەوە و بڕیارە 5 جۆری دیكە بەرھەمبھێندرێت.
چاوەڕێدەكرت حكومەتی توركیا تا 2035، نزیكەی 30 ھەزار لەو جۆرە ئۆتۆمبێلە بكڕێت و ئەم پڕۆژەیەش یەكێك بووە لە ئامانجەكانی ئەردۆغان بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە ھێزی ئابووری توركیا نیشانی جیھان بدات.
ھ.م