لە دوای كۆرۆنا چی بەسەر جیهاندا دێت؟
ناتوانین ئەمڕۆ هزر لە دەرئەنجامە دوورەکانی بکەینەوە
وەکو کەوتنی دیواری بەرلین، یان داڕمانی بەنکی لیمان برازەرز Lehman Brothers، کۆڤید – 19 لەسەر ئاستی جیهان خۆی دەرخست کە وێرانکارترە و بە شێوەیەك کە ناتوانین ئەمڕۆ بیر لە دەرئەنجامە دوورەکانی بکەینەوە.
بەڵێ ئەمە راستییە، چۆن ئەم نەخۆشییە بووە هۆی رووخاندنی ژیان، داخستنی بازاڕەکان و پەردە لەسەر بەتوانایی حکومەتاکان (یان هەر نەبوونی توانای حکومەتەکان) لابرد.. بە شێوەی جیاجیاش لە دواڕۆژدا، هەژموونی لەسەر هێزە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهاند ەبێت.
بۆ ئاسانکردن و تێگەیشتن لە سروشتی ئەو گۆڕانکارییانەی کۆڤید – 19 لە دوای خۆیەوە دێنێت، گۆڤاری ناوداری ئەمریکی فۆریێن پۆلێسی Foreign Policy، پێشبینی و بۆچوونی 12 کەسی دهستهبژێر لە لێکۆڵەر، سیاسەتمەدار، دیپلۆماتکا، شارەزا و بیرمەند، لە بواری جیاواز و لەسەر ئاستی جیهان لەسەر ئەم مژارە گەرمە و هەنوکەییەی وەرگرتووە.
جیهانێکی کەمتر کراوە بەڵام خۆشتر و ئازادتر
ستێفن م. ووڵت Stephen M. Walt (ئەکادیمیست و سیاسەتمەداری ئەمریکی)
ڤایرۆسی کۆرۆنا پێگەی دەوڵەت بەهێز دەکات و بیری نەتەوایەتی و دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتانە کە رێوشوێنی توند و رێکوپێك بۆ رووبەڕووبوونەوە و کونترۆڵکردنی ڤایرۆسی كۆرۆنایان گرتوونەتەبەر پتەو دەکات و ئاسان نیە ئەو حکومەتانە دەستبەرداری دەسەڵاتە نوێیەکانیان بن لە دوای کۆتایی هاتنی قەیرانەکە.
ئەم ڤایرۆسە، وا دەکات کە هێز و هەژموونی جیهانی لە رۆژئاوا بەرەوە رۆژهەڵات بڕوات، ئەوەش لە دوای ئەزموونە سەرکەوتووەکانی هەر یەکە لە کووریای باشوور و سینگاپۆر و تایوان وچین، سەرەڕای چەوتییە بەراییەکانیان. لە بەرامبەردا ئەمهریکا و ئەوروپا کە تا ئێستا ناوی نموونەی رۆژئاوایان شێواندووە، پاشهكشه دەکەن.

ئەمە قەیرانە بە بۆچوونی ئێمە، کۆتایی جیهانگیرییە
رۆبین نیبلێت Robin Niblett (بەڕێوبەری پەیمانگەی چاتام هاوس)
لەوانەیە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو بیانووە لاوازە بێت بۆ پەکخستنی جیهانگیری ئابووری، چونکە ههڵکشانی چین لە رووی ئابووری و سەربازییەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاندا تاکو بە کۆکردنەوەی تەکنەلۆژیا و مافی موڵکداری فیکری، خۆی لە چین دوور بخاتهوه. ڤایرۆسی کۆرۆنا هانی حکومەت و کومپانیا و کۆمەڵگاکانی دا کە تواناکانیان بەهێز بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوە و راهاتنێکی درێژخایەن لەگەڵ تهریكبوون ودابڕان.
بەم شێوەیە، دەردەکەوێت کە ئیدی جیهان بۆ بیرۆکەی پشت بەستن لەسەر ئاڵۆگۆڕی جیهانگیری کە لە سەرەتای ئەم سەدەیە سەریهەڵدا ناگەڕیتەوە، و زۆر ئەستەم دەبێت، سەرکردە سیاسییەکان بتوانن پارێزی لەم چەشنە هاوکارییە بکەن لە ئاڵۆگۆڕی نیودەوڵەتی.

پەرپابوونی جیهانگیریەکە کە لە دهوری جەمسەری چین دەسووڕێتەوە
کیشۆر مەحبوبانی Kishore Mahbubani (ئەکادیمیست و وەزیری دەرەوەی پێشووی سهنگاپوور)
قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕانکاری لەسەر ئابووری جیهانی دروست ناکات، بەڵام گۆڕانکارییەکە خێرا دەکات، کە بە شێوەیەکی کرداری دەستیپیکردووە، ئەویش بە گواستنەوە لەو جیهانگیرییەی کە لە دهوری ئەمهریکا دەسووڕێتەوە بۆ جیهانگیرییەکیتری ناوەندی کە لە دهوری چین دەسووڕێتەوە.
ئەم ئاراستەیە بەردەوام دەبێت، چونکە ئەمهریکییەکان، باوەڕیان بە جیهانگیری و بازرگانی نێودەوڵەتی نەماوە، چ لەگەڵ سەرۆك ترەمپ و سەردەمەکەی یان بێی ئەو. لە لایەکیترەوە، چینییەکان باوەڕیان بە خۆ و حکومەتەکەیان هەیە، چونکە تێکەڵبوونی چین لەگەڵ جیهان لە ساڵەکانی کوتایی سەدەی رابردوو، باوەڕی بە چینییەکان داوە، کە ئەوان دەتوانن لە هەر شوێنێك پێشبڕکێ بکەن، بۆیە دەبینم کە چین لەم بوارەدا سەرکەوتوو بووە.
چەند هۆیەکی مێژوویی هەیە لە پشت ئەم هەڵویستەی چین. سەرکردەکانی چینی ئهوه دهزانن کە لە ساڵی 1842 تا ساڵی 1949 سەدەیەك لە ملکەچیییان دەربازکردووە، کە سەرکردەکانی ئەو سەردەمە، هەوڵی ئەوەیان دەدا چین لە جیهان داببڕن، بە پێچهوانەوە، ئەو چەند دە ساڵەی دوایی کە چین تێیدا بەشدارییەکی ئەکتیڤ لە جیهاندا هەبووە، کولتوور و باوەڕێکی توندوتۆڵ بۆ چینییەکان دروست بووە، کە ئەوان دەتوانن پێشبڕکێ بکەن.
لێرە، دوو هەڵبژاردە لە بەردەم ئەمهریکادا هەیە: ئەگەر ئامانجی سەرەکی ئەمهریکا پاراستنی باڵا دەستییەکەی بێت بەسەر جیهاندا، دەبێت بکەویتە ململانێیەکی جیۆپۆلیتیکی لەگەڵ چین کە ئەنجامەکەی سفرە، چ وەکو سیاسەت یان ئابووری! بەڵام ئەگەر ئامانجی ئەمهریکا باشترکردنی خۆشگوزەرانی هاووڵاتییەکانی بێت کە رەوشەکەیان باش نیە، ئەمە هەڵبژاردەیەکی باشترە، دەبێت لەگەڵ چین هاوکاری بکات.

دیموکراسییەکان لە توێکڵەکانیان دەردەچن
گ. چۆن ئیکینبری G. John Ikenberry (مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی برینستۆن)
لە مەودایەکی نزیکدا، قەیرانی كۆرۆنا نەتەوەپەرست و بەرهەڵستکارانی جیهانگیری و دوژمنانی چین لە رۆژئاوا دەجۆڵێنێت. هەروەها رووخانی کۆمەڵایەتی و زیانە ئابوورییەکان کە رۆژ لە دوای رۆژ بە دی دەکرێن زیاد دەبن و ئەو کەشوهەوایە درووست دەبێتەوە کە لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابوردوو هەبوو. جیهان بەرهوە دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی جیهانی دەچێت کە تێیدا بە پشت بەستنی هاوبەش دڵنیایی بۆ دەوڵەت هەبێت، بۆ ئهوهی وڵاتان زیاتر پارێزراو بن. بە چەند وشەیەکی دیكه، دیموکراسییە رۆژئاواییەکان لە توێكڵی خۆیان دەردەچن و هەوڵی دۆزینەوەی هەندێك نموونە دەدەن، کە تێدا سەلامەتی زیاتر بۆ هاوکاریی هاوبەش هەبێت.
هەر وەکو ساڵانی سییەکان و چلەکانی سەدەی رابردوو، رەنگە رەوتێکی پێچەوانەش سەرهەڵبدات، بەڵام ئەم رەوتە هێواشتر دەبێت لە رەوتی یەکەم. رەوتە پێچەوانەکە جۆرێکی ئەنتەرناشیۆنالیستی توندڕەو دەبێت و لەو رەوتەی فرانکلین رۆزڤێلت و چەند کەسیکیتر لە پیاوانی دەوڵەت دروستیان کردبوو دەچێت.

قازانجێکی کەمتر، بەڵام سەقامگیرییەکی زیاتر
شانۆك ك. ئۆنێڵ Shannon K. O’Neil (شارەزای سیاسی و ئابووریی ئەمهریکای لاتین لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمهریکا)
کۆڤید – 19 پرەنسیپەکانی پیشەسازی جیهانی پەکخست و ئێستا کومپانیاکان دوبارە بیر لە نەخشەرێگهی یەکیتر دەکەن، بۆ ئهوهی لەسەر پێیەکانیان بمێنن و بەردەوام بن لەسەر بەرهەمهێنان و قازانجکردن.
زۆر جار، پرۆسەی هاوردەکردن بە هۆی داشکانی ئابووری و ئاریشەکانی سیاسی دەکەوێتە بەر ئاگرتێبەربوون. جەنگی ئابووریی سەرۆك ترەمپ لەگەڵ چین، و پەرەسەندن لە بواری رۆبۆتەکان و پێشڤەچوونە بەردەوامەکانی تەكنۆلۆژیا هۆكار و فاکتەر بوون، کە ماوە ماوە پیشەسازی جیهانی هەندێك ساتمەی بهر بکەوێت، بەڵام کاریگەری کۆڤید – 19 لە هەموو ئەو ساتمانە بەهێزتر و کاریگەرترە.

دەشێ پەتایەکە خزمەتی مەبەستێکی باش بکات
شیفشانکار مینۆن Shivshankar Menon (دیپلاماتکاری هیندی و راوێژکاری پێشووی جڤاتی ئاسایشی نەتەوەیی هیندستان)
هێشتا زووە کە بڕیار لەسەر مژارەکە بدەین، بەڵام سێ خاڵ هەیە کە بۆمان زۆر روون و ئاشکران:
یەکەم: سیاسەتەکان، چ لە ناوخۆی هەر دەوڵەتێکدا یان لە نێوان دەوڵەتەکان لەگەڵ یەکتردا دەگۆڕدرێن، چونکە سەرکەوتنی حکومەتەکان لە سەرەدەریکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم قەیرانە، ئالۆزییهکانی ئەمنی و فرە جەمسەری کە لەم دواییە لە نێو کۆمەڵگاکاندا سەریانهەڵداوە، کەم دەکاتەوە. ئەزموونەکان، وا دەردەخەن کە ستەمکار و دیکتاتۆرەکان نەیانتوانیوە شارەزاییان هەبێت لە مامەڵەکردن لەگەل قەیرانەکاندا، بۆیە کۆریای باشوور و تایوان لە ریزی پێشهوهن لە چارەسەرکردنی قەیرانەکە، چونکە ئەم هەردوو دەوڵەتە دیموکراتین.
دووەم: ئەم قۆناغە، کوتاییهاتنی پشت بەستنی نێودەوڵەتی نیە، بەڵام لە دوای قۆناغی ڤایرۆسی کۆرۆنا، جیهان بەرەوە داخستن و هەژاری، خۆپەرستیی و شکستخواردن دەڕوات.
سێیەم: ئاماژەیەکی هیوابەخش و گەشبینیش لە ئارادا هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هیندستان داوای بەستنی کونگرەیەکی ڤیدیۆیی بۆ سەرکردەکانی باشووری ئاسیای کردوە، بۆ گەڕان بە دوای چارەسەرییەکی هاوبەش بۆ هەڕەشەکە، ئەوەش نیشانە و بەڵگەیە کە وڵاتان پێویستییان بە هەماهەنگی و کاری هاوبەشه.

هێزی ئەمهریکایی پێویستی بە ستراتیژییەتێکی نوێیە
جۆزێڤ س. نێی جی ئار Joseph S. Nye, Jr. (ماموستای زانکۆی هارڤێرد و شارەزا لە سیاسەتەکانی سەرۆکەکانی ئەمهریکا لە رۆزڤێلت تا ترەمپ)
لە ساڵی 2017 دوناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، ستراتیژییەتی نوێی ئاساییشی نەتەوەیی راگەیاند، کە پێداگیری لەسەر پێشبڕکێ لە نێوان هێزە زەبەلاحەکان دەکات.
بەڵام کۆڤید - 19، دیاریکرد کە ئەم ستراتیژییەته بەش ناکات، تهنانهت ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا تەنیا هێزی گەورەی جیهانیش بێت، ناتوانێت بە تاك لایەنانە پارێزگاری ئاساییشی خۆی بکات. ریچارد دانزیج Richard Danzig، لە ساڵی 2018 ئاریشەکە بەم شێوەیە کورت کردووهتەوە: " پێشکەوتنە تەکنۆلوژییە جیهانییەکان لەسەدەی بیست و یەکهمدا، تەنیا لە دابەشکردنیدا نییه، بەڵکو لە دەرئەنجامەکانیدایە، دەشێ تەکنۆلۆژیای ژیر ببێتە هۆکاری پەیدابوونی نەخۆشی و ڤایرۆسی کومپیۆتەر و دەرکەوتنی تیشکی مەترسیدار، کە رەنگە بە هەڵە ئاریشەی گەورە دروست بکەن.. بۆیە دەبێت بە بەردەوامی بەدواداچوون لەسەر سیستەمی کارکردنیان بکرێت بۆ ئامادەکردنی راپۆرت و دیسپلینی هاوبەش و داڕشتنی پلانی بەهانا چۆن و ئیمزاکردنی پەیمانی هەمەجۆر وەکو رێگایەك بۆ راییکردن و کارگێڕیکردنی مەترسییەکان".
کۆڤید – 19، یەکێکە لەو مەترسییانەی کە دان بە سنوورەکاندا نانێت و هێزی سەربازی ناتوانێت رێگری لێ بکات و ههڕهشه و مەترسییە لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان، هەروەها کۆڤید – 19 دیاریکرد کە هەموو ستراتیژییەتهکانی پێشوو، ناتوانن بڵاوبوونی ڤایرۆسەکە سنووردار بکەن.

لەسەر دەستی سەرکەوتووەکان بەسەر کۆڤید - 19 مێژوو دەنووسرێتەوە
جۆن ئەلین John Allen (جەنەرالی ئەمهریکی و بەڕیوەبەری پەیامانگەی برۆکنگز)
هەروهك ههمیشه، ئەوانەی بەسەر کۆڤید – 19 دا بەسەر دەکەون، مێژوو دەنووسنەوە. هەر دەوڵەتێك و هەر تاکێك بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێت، هەڵبەت دەوڵەتەکان دەبێ سەبر و هەداریان هەبێت و پشوویان درێژ بێت، چ لەسەر ئاستی سیستەمی سیاسی یان ئابووری یان لەسەر ئاستی تەندروستی گشتی – لە دوای نەمانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، یان دۆزینەوەی میكانیزمی کونترۆڵکردنی، سەرکەوتنێکی گەورە بۆ دیموکراسی و فرەلایەنی و چاودێری تەندروستی گشتگیر، بەرپا دەبێت..
لە دوای كۆرۆنا، دووبارە هێزە جیهانییەکان بە شێویەك پێکدههێنرێنهوه کە ئەستەمە پێشبینی بكرێت، دادەرێژرێینهوه و گۆشار دەکەوێتە سەر جووڵەی ئابووری و گرژی لە نێوان وڵاتاندا زیاد دەبیت. بۆ ماویەکی دریژخایەنیش ئەم پەتایە توانای بەرهەمهێنانی ئابووری جیهانی کەمدەکاتەوە.
مەترسی دابڕان و تەنهایی لەسەر ئەو دەوڵەتانەیه كه لە قوناغی گەشەسەندندان و ئەوانەی کە رێژەیەکی بهرز لە دەستی کاری بێ دڵنیایی و بێ پارێزبەندی ئابوورییان هەیە، بە شێوەیەکی یەجگار زۆر سەرهەڵدەدات..
سیستەمی جیهانی دەکەوێتە ژێر گۆشارێکی گەورە، دەرئەنجامەکانی بریتی دەبن لە نەسەقامگیری و ناکوکی لە سەر ئاستی ناوخۆیی دەوڵەتەکان لە لایەك، و لە لایهكی دیكهشهوه لەگەل دەوڵەتەکانی تر.

قۆناغێکی سەرنجراکێش لە سەرمایەداری جیهانی لە ئارادایە
لۆری گارێت Laurie Garret (شارەزا لە تەندروستی جیهانی لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەكانی دهرهوهی ئەمهریکا)
تاسان و شوکی بنەرەت لە سیستەمی دارایی و ئابووریی جیهان، دانپێدانانە بهوهی کە زنجیرەی هاوردەکردن و تۆڕەکانی دابەشکردنی بەرهەمی جیهانی بەرەو ئیفلیج بوون دهچێت!. لەبەر ئەم هۆیەش، دەرئەنجامەکانی کۆڤید – 19 نەك تەنیا کاریگەری ئابووری درێژخایەنیان دەبێت، بەڵکو ئابووری جیهان بەرەو گۆڕانکارییەکی گەوهەری دەبات.. جیهانگیری ریگا بۆ کومپانییەکان خۆشکردبوو، کە بەرهەمەکانیان لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بگەیێننە هەموو جیهان، هەر دواکەوتنێك یان مانەوەی بەرهەم لە کۆگاکاندا دەبووه هۆی داکەوتنی بازاڕ.. ئەم ڤایرۆسە، کۆڤید – 19 وای دەرخست کە نەك تەنیا مرۆڤ دەپیکێت بەڵکو سیستەمی جیهانی ژەهراوی کرد.
رەنگە لە ئەنجامدا، قۆناغێکی نوێی دراماتیکی لە سەرمایەداری جیهانی بەرپا ببێت، بە شێوەیەك کە زنجیرەکانی هاوردەکردن لە ماڵەوە دوور نەبن و بەم شێوەیە کومپانیاکان لە مەودایەکی نزیکدا قازانجی کەمتریان دەبێت، بەڵام سیستەمی جیهانی بە گشتی لە جاران نەرمتر دەبێت.

دەوڵەتە فاشیلەکان زیاد دەبن
ریچارد هاس Richard Haass (سەرۆکی ئەنجوومەنی پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکانی ئەمهریکا)
من پێشبینی دەکەم لە دوای كۆرۆنا، حکومەتەکان بۆ چەندین ساڵ بەرەو پشتبەست بە خۆوە دەچن و لە شێوەیەکی گونجاو دەگەڕێن، بۆ ئهوهی شیوەیەك لە باشکردن و ئیکتیفای خۆیی ئابووری بدۆزنەوە. هەروەها لە دژی کۆچی ژمارە زۆر رادەوەستن، و حەزی حکومەتەکان لەسەر گەنگەشەکردنی دۆزە دەرەکییەکانه وەکو گۆڕانی کەشوهەوا و تەرخانکردنی داهات بۆ چارەسەری قەیرانەکان نامێنێت.
ئالۆزی بۆ ژمارەیەك دەوڵەت دروست دەبێت، کە ناتوانن لەسەر پێیەکانی خۆیان بوەستن و دەوڵەتە شكستخواردووهكان لاوازتر دەبن و ژمارەیان زیاد دەبێت.
قەیرانەکە زیانی زۆرتر بە پەیوەندییەکانی ئەمهریکا و چین دەگەیهنێت، یەکخستن و ئینتگرێیشنی ئەوروپایی لاواز دەکات، لایەنی پۆزەتیڤ و ئەرێنی لەم قەیرانەدا، بەهێزبوونی گرنگیدان بە تەندروستی گشتییە لەسەر ئاستی جیهان، بە شێوەیەکی گشتی کاریگەییەکی بەرچاو لەسەر تێگەی جیهانگیری دەبێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا لە تاقیکردنهوهی ریبەرایەتی هەرەسی هیناوە
کۆری شێیك Kori Schake (جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگهی نێودەوڵەتی بۆ لیکۆڵینەوه ستراتیژییەکان)
لەمەودوا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا وەکو رێبەری جیهان نابینرێت، و ئیدی ئەو وڵاتە وەکو سەرکێش دانانرێت، چونکە ئەو وڵاتە بەرژەوەندی بەرتەسکی خۆی لەسەرووی هەموو شتێك داناوە.. لە توانایدا بوو لە رێگهی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە سنوورێك بۆ ئەم پەتایە دانرابا و زانیاری زیاتر خرابانە بەردەستی حکومەتەکان، بۆ ئهوهی ئەوان کاتێکی باشتریان هەبووایە بۆ خۆ ئامادەکردن.. بۆ ئەنجامدانی ئەم هەنگاوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا دەیتوانی كاری لەسەر بکات، بەڵام نەیکرد و گرنگی پێ نەدا و تەنیا لە خەمی خۆیدا بوو، بۆیە بە بۆچوونی من، ئەمهریکا لە ئەزموونی رێبەرایەتی جیهان هەرەسی هینا، و لەبەر ئەوەش ئێستا جیهان لە خراپترین دۆخ دایە.

لە هەر وڵاتێك، هێزی روحی مرۆڤایەتی دەبینین
نیکۆڵاس بێرنز Nicholas Burns (ماموستای زانكۆی هارڤارد و جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا بۆ کاروباری سیاسی)
لەم سەدەیەدا، ڤایرۆسی کۆرۆنا گەورەترین قەیرانە لەسەر ئاستی جیهان، کە هەڕەشە لە ژیانی 8 میلیار مرۆڤی سەر زەوی دەکات. رەنگە شکستە ئابووری و داراییەکان زیاتر بن، لەو شکستانەی کە لە قەیرانی ئابووری ساڵی 2008 – 2009 پەیداببوون. ئەم قەیرانە دەشێ بە شێوەیەکی هەمیشەیی سیستەمی جیهانی و هاوسەنگی هێز بگۆڕێت، کە، هەر وەکو ئاشکەرایە، تا ئیستا هاوکاری نیودەوڵەتی لە ئاستێکی باشدا نیە، ئەگەر چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا، لەسەر ئهوهی ئاخۆ کێ هۆ وئاستەنگە لەم قەیرانە، و تۆمەتبارکردنی یەكتر رانەگرن، و ئەگەر بە دروستی سەرەدەری لەگەڵ قەیرانەکە نەکەن، کاریگەرییەکی زۆر لەسەر راستگۆیی ئەو دوو دەوڵەتە زڵهێزە دروست دەبێت. ئەگەر یەکێتی ئەوروپا نەیتوانی هاوڵاتییەکانی کە 500 میلیۆنن بپارێزێت، حکومەتە نیشتمانییەکان دەسەڵاتی زیاتر لە برۆکسل وەردەگرنەوە و لە ئەمهریکاش حکومەتی فیدراڵ، گرنگترین هەنگاو دەگریتە بەر بۆ سنووردارکردنی کاریگەری خراپی قەیرانەکە.

لە لایەن: براین ستاوفەر BRIAN STAUFFER
وەرگێڕانی: شەماڵ ئاکرەیی
سەرچاوە: https://foreignpolicy.com/2020/03/20/world-order-after-coroanvirus-pandemic/