كۆرۆنا په‌رده له‌سه‌ر "ره‌گه‌زپه‌رستی زانایانی رۆژئاوا" هه‌ڵده‌ماڵێت
"ئه‌فریقا نابێته مشكی تاقیگه"
K24 - هه‌ولێر:
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆكی رێكخراوی تەندروستی جیھانی، به توندی وه‌ڵامی دوو زانای پسپۆری فه‌ره‌نسی ده‌داته‌وه، كه داوایان كردبوو، پێكوته (ڤاكسین)ـه‌كانی دژه كۆرۆنا له ئه‌فریقا تاقی بكرێنه‌وه.
د. تێدرۆس داواكاری ئه‌و دوو پزیشكه فه‌ره‌نسییه‌ی به‌وپه‌ڕی "قێزه‌ونی و شه‌رمهێن" وه‌سفكرد و گوتی: "زۆر شه‌رمه له سه‌ده‌ی 21 گوێبیستی ئه‌و قسانه بین، به‌تایبه‌تیش كه زانایان ئه‌م قسانه بكه‌ن".
د. تێدرۆس روونیشی كرده‌وه، "هه‌ستم به قێزه‌ونی" كرد كاتێك گوێبیستی لێدوانی له‌و جۆره‌ی ئه‌و زانایانه بووم و گوتی: "ئێمه پێویسته هه‌مووان هاوسۆزبین له‌گه‌ڵ یه‌كدی، به‌ڵام ئه‌و جۆره لێدوانانه هیچ شتێكی باش پێشكه‌ش ناكه‌ن و پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی هاوسۆزییه".

لێدوانی دوو زاناكه ره‌خنه‌ی زۆری لێكهوتهوه، بۆیه یه‌كێك له‌و زانایانه به‌ناوی جۆن پۆل میرا داوای لێبوردنی كرد.
سه‌رۆكی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانییش رایگه‌یاند، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌فریقا نابێته كۆمه‌ڵگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی هیچ پێكوته (ڤاكسینێك).
دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه، تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌ر پێكوته‌یه‌ك به هه‌مان ئه‌و رێكارانه ده‌بێت كه پێشتر گیراونه‌ته‌به‌ر، جا له هه‌ر شوێنێك بێت، ئه‌وروپا یان ئه‌فریقا و گوتی: "پێویسته عه‌قڵیه‌تی كۆڵۆنیالیزم دابماڵڕێت و وازی لێبهێنرێت، رێكخراوه‌كه‌مان هه‌رگیز رێگه‌نادات ئه‌وه رووبدات، ئه‌و لێدوانانه‌ش به توندی سه‌ركۆنه ده‌كه‌ین".
