كۆمپانیا ھیندییەكان زۆرینەی نەوتی عێراق ھاوردە دەكەن
ناوی ئەو كۆمپانیا جیھانیانە ئاشكرا دەكرێت كە زۆرترین نەوتی عێراقیان كڕیووە
K24 - ھەولێر
كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوت سۆمۆ، داتا فەرمییەكانی تایبەت بەو كۆمپانیا جیھانیانە راگەیاند، كە نەوت لە عێراقەوە ھاوردە دەكەن و ئاماژەی بەوەدا كە ھیندستان لە پێشەنگی وڵاتانی دیكەوەیە لە رووی ھاوردەكردنی نەوتی عێراقەوە.
سۆمۆ لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەدا، لەنێوان كۆمپانیاكانی جیھان، ژمارەی كۆمپانیا ھیندییەكان زیاتر بووە، بەجۆرێك لە كۆی 38 كۆمپانیا كە مانگی ئادار نەوتیان لە عێراق كڕیوە، 8یان سەر بە ھیندستان بوونە.
جەختی لەوەشكردەوە، كۆمپانیا چینییەكان لە پلەی دووەمدا ھاتوون بە تێكڕای 5 كۆمپانیا، دواتر كۆمپانیاكانی ئەمەریكا بە 4 كۆمپانیا، كۆمپانیاكانی سەر بە كۆریای باشوور بە تیكڕای 3 كۆمپانیا، ھەروەھا كۆمپانیاكانی ژاپۆن، توركیا، بەریتانیا، یۆنان، رووسیا و ئیتاڵیا، ھەر یەكە و بە دوو كۆمپانیا لە لیستەكەدا ھاتوون و ئەوەی دەمێنێتەوە، دابەشكراوەتە سەر كۆمپانیاكانی میسر، ئوردن، مالیزیا، ئەندونیسیا، تایوان و ئیسپانیا، ھەر یەكە و بە كۆمپانیایەك.
كۆمپانیای سۆمۆ لە فرۆشتنی نەوتی عێراق، پشت بە پێوەرە سەرەكییەكان دەبەسێت بۆ ئەوەی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییە جیھانییەكان گرێبەست ئەنجامبدات.