عێراق لە ھاوردەكردنی كارەبای ئێران پێشەنگە
كارەبای ھاوردەكراو لە ئێران گەشەی كردووە
K24 - ھەولێر
لە لیستی ئەو وڵاتانەی كارەبا لە ئێرانەوە ھاوردە دەكەن، عێراق لە پێش ھەموو وڵاتان دایە.
بەگوێرەی ئاژانسی فارسی ئێرانی، ھەناردەكانی ئێران لە وزەی كارەبا بۆ وڵاتانی دراوسێ، مانگی ئادار بە رێژەی 27.6% گەشەی تۆماركردووە، لەسەر بنەمای ساڵانە.
كۆمپانیای ساتكابی تایبەت بە پیشەسازی و دابینكردنی كەلوپەلی ئاویی و كارەبایی، جەختی لەوە كردەوە، ھەناردەكان لە ھەر كاتژمێرێكدا بۆ ھەر یەك لە عێراق، ئەرمینیا، ئازەربایجان، پاكستان و ئەفغانستان نێردراوە و سنووری 8 ملیار كیلۆواتی تێپەڕاندووە.
ئاماژەی بەوەشدا، لەو بڕە عێراق 6 ملیار و 652 ملیۆن كیلۆوات كاتژمێر، كارەبای ئێرانی بەركەوتووە، بەو جۆرەش گەشەیەك بە رێژەی %36 تۆماردەكات لەسەر بنەمای ساڵانە، دواتر ئەفغانستان بە 775 ملیۆن، پاكستان بە 516 ملیۆن و ئەرمینییا بە 53 ملیۆن كیلۆواتی كاتژمێر.
بەو جۆرەش كۆی وزەی كارەبای ھەناردەكراو لە ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتانە، بە ملیارێك و 736 ملیۆن كیلۆوات كاتژمێر گەشەی كردووە.